ئازادیی کاتیی دوو هاووڵاتیی کورد و درێژەی دەسبەسەرکردنی دوو هاووڵاتیی تر لە پیرانشاردا

20:19 - 1 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو ئەندامی دەسبەسەرکراوی بنەماڵەیەک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد و دوو ئەندامی تری ئەم بنەماڵەیە هێشتا لە گرتنگەدا بەسەر دەبەن.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٣٠ی بانەمەڕ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"داوود قاسمی\" و \"عەبدولسەلام قاسمی\"، خەڵکی گوندی \"ڕیکاوێ\" سەر بە شاری پیرانشار، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە، تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگا، ئازاد کران.

ئەم دوو هاووڵاتییە، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لەگەڵ \"ڕەحمان و شۆڕش قاسمی\"، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

\"ڕەحمان قاسمی\" کە باوکی سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوە، پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە.

\"عەبدولسەلام قاسمیـ\"ش هاوینی ساڵی ٩٧ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر بە دانانی بارمتەی ٤٥٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

وێنە: عەبدولسەلام قاسمی و داوود قاسمی