ئازادیی چالاكێکی سیاسیی کورد و زیندانییەکی دیکەی کورد بە شێوەی کاتیی

12:34 - 22 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کورد، خەڵکی شاری ماکۆ، سەر بە پارێزگای ورمێ، کە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی سەرماوەز، عەلی سەید ئیبراهیمی خەڵکی شاری ماکۆ، کە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرابوو، بە دانانی \"وسیقە\"ی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە کوردە، کە ٤٠ ڕۆژ پێش لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کرابوو، هەتا کاتی دادگایی کردنەکەی بە دانانی \"وەسیقە\" بە شێوەی کاتیی ئازاد کرا.

لە لایەکی دیکەوە، چالاکێکی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری مەریوان، بە ناوی \"عەلی خۆش نمەک\" پاش سێ ساڵ زیندانیی بوون، ئازاد کرا.

ئەو چالاکە سیاسییە، لە ساڵی ٩٣ی هەتاوی، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری مەریوانەوە، بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.