ئازادیی زیندانییەکی کورد پاش ١١ ساڵ دەستبەسەری بە تۆمەتی هاوکاریی حیزبە کوردییەکان

16:10 - 30 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی سنە، پاش ١١ ساڵ دەستبەسەری لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەسعوود حوسێن‌پەناهی خەڵکی گوندی \"باوەرێز\"ی سەربە شاری سنە، کە ١١ سال پێش ئیستا بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کرابوو، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕ لە زیندان ئازاد کرا.

\"20069.jpg\"
مەسعوود حوسێن‌پەناهی پێشتریش بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران به ئیعدام مه‌حکووم کرا بوو
بە وتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی، مەسعوود رێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٢ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

ئەو زیندانییە کوردە، سەرەتا لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە و پاش ٣ ساڵ، حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

مەسعوود حوسێن‌پەناهی تەمەن ٤٥ ساڵ و باوکی دوو منداڵە و لە رێگەی ئازادیی مەرجدارەوەو پاش ١١ ساڵ دەستبەسەری، لەزیندان ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری سنە، پێشتریش بە دانانی بارمتە چەندین جار مەرەخەسیی پێدرابوو.