ئازادی کاتیی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراو بە دانانی بارمتە پێشی پێ گیرا

12:02 - 30 سەرماوەز 2722

لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە پێشی بە ئازادیی کاتیی هاووڵاتییەکی دەسبەسەرکراو بە ناوی "سیامەک داوودی" کوڕی محەممەدسدیق گرت.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە، بۆ ئازادکردنی سیامەک داوودی، داوای بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی کردبوو، سەرەڕای دابینکردنی ئەو بارمتەیە لەلایەن بنەماڵەکەیەوە، لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی "دادوەر سەعیدی"، لەگەڵ ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییە، دژایەتیی کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: دادگای ئینقلابی سنە بۆ ئازادی کاتیی ئەو هاووڵاتییە داوای بارمتەی قورسی کردبوو.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها بە کوردپای ڕاگەیاند: ئەو هاووڵاتییە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

سیامەک داوودی ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگوێزرابوو.

سیامەک داوودی ئارایشگەرە و لە شەقامی سیرووس لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرابوو.