ئازادی کاتی شەش هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە

19:41 - 8 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: شەش هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتووخانە ئازاد کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، \"ئەنسار ئەدوایی\"، \"فەردین ئەدوایی\"، \"زانیار مورادی\" و \"حەمید ئەحمەدی\"، خەڵکی گوندەکانی \"سلێن و دەگاگا\"، لە ناوچەی هەورامانی سەر بە سەوڵاوا، که لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر به ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرابوون، بە شێوەی کاتی لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای مەریوان ئازاد کران.

ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپێچینەوە بە شێوەی کاتی ئازادبوونە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی سەرماوەز، \"زانیار مورادی\"، لە شوێنی کارەکەی خۆی لە شارەکی سەنعەتی مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا؛ هەر لەو ڕۆژەدا \"حەمید ئەحمەدی\"، لە مەریوانیش لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی سەرماوەزیش، \"ئەنسار ئەدوایی\"، تەمەن ٢٧ ساڵ و \"فەردین ئەدوایی\"، تەمەن ٢٤ ساڵ، بەبێ مۆڵەتی یاسایی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

لەلایەکی دیکەشەوە، ماوەیەک پێش ئێستا، \"تاهێرسۆفی\" تەمەن ٣٦ ساڵ خەڵکی گوندی \"گەرگوولی خوار\"،سەر بە شاری پیرانشار بە بارمتەی ٥٠٠ میلیۆنی تا کاتی دادگایی کردنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١ی سەرماوەز، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش هێرشکردنە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوبراویان بە تۆمەتی \"هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەرکردبوو.
هەروها ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بەفرانبار، \"میلاد قزلباش\" تەمەن ٣٣ ساڵ کوڕی نیزامەدین خەڵکی شاری ماکۆ پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپێچینەوە بە بارمتەی ٢٠٠ میلیۆنی تا کاتی دادگایی کردنی ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە، ٥ی خەزەڵوەر، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە به هۆی دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعات سەرەڕای دەرچوون لە تاقیکاری زانستی، لە گوزینشی هێلال ئەحمەری ماکۆ بێبەری کرابوو.

پێشتریش لە ساڵی ٨٨دا، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە هۆی چالاکی خوێندکاری بۆ ماوەی یەک مانگ دەستبەسەر و دواتر بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.