ئازادکردنی باوک و کوڕێک لە زیندانی شنۆ بە پێبەندی ئەلێکترۆنیکی

11:54 - 23 خاکەلێوه 2722

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "ئیبراهیم حوسێنی" (باوک) و "سەلاحەدین حوسێنی" (کوڕ)، خەڵکی گوندی "ئاڵیاوێـ"ـی شاری شنۆ، بە پێبەندی ئەلێکترۆنیکی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کران.

ئەو دوو زیندانییە بە چاودێریی پێبەندی ئەلکترۆنیکی لە زیندانی شنۆ ئازاد کراون.

پێبەندی ئەلکترۆنیکی ئەو دوو هاووڵاتییە لەسەر داواکاری لقی ١ی "اجرای احکامـ"ـی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری شنۆ و لەسەر ڕەزامەندیی لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ بووە.

ئیبراهیم حوسێنی ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بانەمەڕ و سەلاحەدین حوسێنی شەوی چوارشەممە ١ی بانەمەڕی ساڵی ١٤٠٠، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە پاش دادگاییکردنیان لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری شنۆ، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٠، ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرابوون.

دادگای ئینقلابی شاری شنۆ ئەو دوو هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" مەحکووم  و مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٠ "ئیبراهیم حوسێنی" بە ٧ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی تەعزیری و "سەلاحەدین" بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری، لەلایەن دادگای ئینقلابی شنۆ مەحکووم کرابوون.

پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی ئەو دوو هاووڵاتییە بە حوکمەکەیان، ئەو حوکمە ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ کرابوو و لە کۆتاییدا لەلایەن ئەو دادگایەوە "ئیبراهیم حوسێنی" بە ٣ ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری و "سەلاحەدین" بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٣ ساڵ زیندانی تەعلیقی، مەحکووم کران.