ئازادکرانی چوار لاوی بەندکراوی کورد لە شاری سنە

20:31 - 25 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: چوار لاوی دەستبەسەرکراوی خەڵکی سنە، بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، چوار لاوی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری سنە، بە ناوەکانی \"هێمن محەممەدیان، پووریا ناسری، یادگار جەعفەری و یاسین کەریمی\"، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چوار لاوە، پاش ڕۆژێک لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە گواسترابوونەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها زیادی کردووە: \"ئەو چوار لاوە کوردە لە پەیوەندی لەگەڵ لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی لە سیهەمین ساڵوەگەڕی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو، ڕێبەری کاریزماتیکی گەلی کورد، لێپرسینەوەیان لێکراوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: \"هێزەکانی ئیتلاعات دەستیان بە سەر مۆبایلەکانی ئەو چوار کەسەدا داگرتووە و پێیانیان نەداونەتەوە\".

ئەو چوار لاوە کوردە، ڕۆژی شەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، هاوکات لەگەڵ سیهەمین ساڵیادی تێرۆرکرانی دوکتور قاسملوو، ڕێبەری کارتیزماتیکی گەلی کورد، لە شاری سنە و لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.