ئازاد کرانی ٢ کەس لە چالاکانی دەستبەسەر کراوی زیندانی مەحەتەی هەولێر

13:04 - 27 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: ٢ چالاکی سیاسیی کوردی دەستبەسەر کراوی کوردی خەڵکی کوردستانی ئێران لە شاری هەولێر پاش ٣٩ رۆژ دەستبەسەری، بە سپاردنی بارمتە لەزیندان ئازاد کران.

پارێزەری ئەو ٨ چالاکە کوردە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ دوابەدوای ئەوە کە شایەتەکان لە بەر دەم دادوەردا ئامادە بوون و رایانگەیاند کە ئەم ٨ کەسە هیچ پەیوەندییەکیان بە بەردباران کردنی کونسوولخانەی ئێرانەوە نەبووە، بە بڕیاری دادوەر حوکمی ئازاد کرانیان بۆ دەرچوو.

\"17441.jpg\"
عەلی ئیسماعیل نژاد: ئەو ماوەیە تەنیا بە بڕیاری سیاسی و بۆ رازی کردنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران زیندانی کراون
ناوبراو گوتیشی دوابەدوای ئەوەی کە دادوەر حوکمی ئازادیی ئەو ٨ کەسەی دەرکرد، بەپێی ماددەی ٢٢٢ لە یاسای سزادانی عێراقی ساڵی (١٩٦٩)، سەرلەنوێ ٦ کەسیان دەستبەسەر و رەوانەی زیندان کرانەوە و تەنیا عەلی ئیسماعیل نژاد و فازڵ پارەکار دوو کەس لە دەستبەسەر کراوەکان بە سپاردنی ٥ میلیۆن دینار ئازاد کران.

عەیاد کاکەیی لە وڵامی پرسیارێکدا کە هەتا چەندە ئەگەری ئەوە هەیە کە پاش ئازاد کران لەلایەن دادگاوە حوکمی زیندانیان بۆ ببڕدرێتەوە، گوتی؛ لە ئەگەری بەدەست کەوتنی بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە بیسەلمێنێت کە ئەم ٨ کەسە دەستیان لە بەردباران کردنی کونسولخانەدا هەبووە، دادوەر دەتوانێ بەپێی ماددەی ١١ لە یاسای خۆپیشاندان حوکمی زیندانیان بۆ ببڕێتەوە، بەڵام ئەگەر کەسێک سەرپێچیی ئەو یاسایەش بکات، تەنیا بە مانگێک زیندانی مەحکووم دەکرێت.

عەلی ئیسماعیل نژاد چالاکی سیاسی و یەکێک لە بەرێوەبەرانی ئەنجومەنی زێد پاش ئازاد بوون لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی رووداو، دەستبەبەسەر بوونی خۆیان بەدەر لە یاساکانی هەرێم وەسف کرد و رایگەیاند؛ کە ئەو ماوەیە تەنیا بە بڕیاری سیاسی و بۆ رازی کردنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران زیندانی کراون.

دوابەدوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی چالاکانی سیاسیی و فەرهەنگیی رۆژنامەنووسانی کورد لە پارکی شانەدەر لە هەولێر کە رێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر بەڕێوەچوو، ژمارەیەک خۆپیشاندەر چوونە بەر دەم کونسولخانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و بینای ئەو کونسولخانەیان بەرد باران کرد.

هەنووکە مستەفا شێخە، چیا مەلاک، پێشەوا عەلی‌پوور، رامان پیرۆتی، ئامانج سەڵواتی و محەممەد فەرهادزادە لە زیندانی مەحەتەی شاری هەولێر لە دەستبەسەریدا ماونەتەوە.