ئازاد کرانی زیندانییەکی سیاسیی خەڵكی شاری سەقز بەشێوەی مەرجدار

14:40 - 19 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، پاش تێپەڕاندنی ماوەی ١٧ مانگ لە ماوەی حوکمەکەی، بە شێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ عەلی ئەمینی زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، کەلە خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩١ی هەتاوییەوە لە زیندانی ناوەندی شاری سەقز لە دەستبەسەریدا بوو، سەرئەنجام بەشێوەی مەرجدار ئازاد کرا.

عەلی ئەمینی سەرماوەزی ١٣٨٨ی هەتاوی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەر و ماوەی ٢٢ رۆژ لە ئیتلاعاتی شارەکانی سەقز و سنەدا راگیراو دواتر بە دانانی ٣٠ ملیۆن تمەن بارمتە و بەشێوەی کاتی لەزیندنا ئازاد کرا.

ئەم زیندانییە کوردە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درابوو، کە دواتر دادگای پێداچوونەوەی ئوستانی کوردستان حوکمەکەی بۆ ٣ ساڵ کەم کردەوە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردەی خەلکی شاری سەقز، رۆژی ٢٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩١ بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز ناساندبوو، کە سەرئەنجام ، چوار رۆژ پێش ئیستا بە شێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا.