ئازاد بوونی خوێندکارێکی کورد لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری سنە

16:13 - 3 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی کورد، خەڵکی شاری سنە و خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵای زانکۆی خواڕەزمی شاری تاران، پاش ٣٣ ڕۆژ لە گرتووخانە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی بانەمەڕ، عێرفان ساعدپەنا، خوێندکاری کارناسیی باڵای بەشی زانستە سیاسییەکان، لە زانکۆی خواڕەزمی شاری تاران، پاش ٣٣ ڕۆژ دەسبەسەریی لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ئازاد کرا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە مەدەنییە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە، لە دانی وردەکاریی لەسەر بارودۆخی عێرفان ساعدپەنا خۆی بوارد و ئازاد کردنی ناوبراوی بە دانانی بارمتە پشتڕاست نەکردەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە باسی لە گوشار و هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان کرد، کە نابێت سەبارەت بە بارودۆخی عێرفان ساعدپەنا لەگەڵ ڕاگەیدنەکان وتووێژ بکرێت.

عێرفان ساعدپەنا لە ماوەی دەسبەسەریدا، تەنیا جارێک لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندییەکی کورتی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە و هەروەها لەو ماوەیەدا لە بوونی پاریزەریش بێبەری بووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی رەشەممە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، ئەو خوێندکارە کوردەی بانگهێشت و دواتر هێزە ئیتلاعاتییەکان ناوبراویان دەسبەسەر کردووە، بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی ئەو چالاکە سنەیییە لە ڕاستای پێشگیری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزەوە بووە.

عێرفان ساعدپەنا، یەکێک لە مامۆستایانی وانەبێژی زمانی کوردی لە شاری سنە بووە و هەتا ئێستا لەو پەیوەندییەدا، دوو بەرهەمی بە چاپ گەیاندووە.