ئارمین ئێسپێرلووس بە ساڵێک زیندانی مەحکووم کرا

10:35 - 28 بەفرانبار 2721

ئارمین ئێسپێرلووس، چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری سنە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەو چالاکە ژینگەیەی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار و ئەو حوکمەش ڕۆژی شەممە ٢٥ی بەفرانبار، بە شێوەی فەرمی بەو چالاکە ڕاگەیاندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەز، کۆبوونەوەی دادگایی کردنی ئارمین ئێسپێرلووس، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بەڕێوەچوو بوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەر، ئارمین ئێسپێرلووس لەلایەن هێزە ئەمنیییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، کرابوو.

ئەو چالاکە ژینگەیە پاش ٢٠ ڕۆژ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە ژینگەپارێزە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانی مەحکووم کرابوو و لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتیی ئێران و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بێتاوان ناسێندرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ١ی رەشەمەی ساڵی ٩٧، ئارمین ئێسپێرلووس لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنە گوێزرابووە و پاش دوو مانگ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ئەمساڵ فەرانەک جەمشیدی ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستان و هاوژینی ئارمین ئێسپێرلووس بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی کانوونی چاکسازی و پەروەردەیی سنە کرابوو و مانگی ڕەزبەر بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا.