ئارش گەنجی بە هۆی وەرگێڕانی کتێبێک سەبارەت بە شۆڕشی کوردستانی ڕۆژئاوا بە ١١ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا

10:42 - 11 بەفرانبار 2720

 ڕۆژی شەممە ١٠ی بەفرانبار، "ئارش گەنجی"، وەرگێڕ، نووسەر و ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی  شاری تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەمووزادە" ، بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

لقی ٢٨ی دادگای ئینقلاب ئەو وەرگێڕە ئێرانییەی بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بە مەبەستی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ٥ ساڵ و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١ ساڵ وهەروەها بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە گرووپەکانی دژبەری نیزام" بە ٥ ساڵ و سەرجەم بە ١١ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

"ناسر زەڕئەفشان"، پارێزەری "ئارش گەنجی" لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە: تەواوی ئەو تۆمەتانە، دژی ئەو ئەندامەی کانوونی نووسەرانی ئێرانە، وەرگێڕانی کتێبێک بووە بە ناوی "کلیدێکی چووکە دەروازییەکی گەورە" کە لەمەڕ ڕووداوەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا بووە.

ئەو حوکمە ڕۆژی سێشەممە ٩ی بەفرانبار، بە "ناسر زەڕئەفشان" پاڕێزەری ئەو وەڕگێڕە ڕاگەیەندرابوو.

"ئارش گەنجی" ڕۆژی یەکشەممە ١ی بەفرانباری ساڵی ٩٨، پاش هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە بەندی ٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوو.