ئارش نووری، کۆڵبەرە برینداربووەکەی جوانڕۆ بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا

11:16 - 31 خاکەلێوه 2722

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خاکەلێوە، "ئارش نووری" کۆڵبەرە برینداربووەکەی خەڵکی گوندی "کەلاشی لوولم" سەر بە شاری جوانڕۆ، بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە، لە نەخۆشخانەی تاڵقانیی کرماشان گیانی لەدەست دا.

ئەو کۆڵبەرە تەمەن ٣٠ ساڵەیە، ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خاکەلێوە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود، سەری پێکرابوو و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵقانیی کرماشان کرابوو.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشووی ئەو کۆڵبەرە کوردە، تەقەیان لێ کردبوو.

ئارش نووری کوڕی بارام، خێزاندار و باوکی منداڵێکە.

لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی خاکەلێوە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سلێمان ئیبراهیم‌‌زادە" تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی "بنووخەلەفـ"ـی شاری سەردەشت، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "بێتووشـ"ـی ئەو شارە، گیانی لەدەست دابوو.

سلێمان ئیبراهیم‌زادە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سەری دەسبەجێ گیانی لەدەست دابوو.