ئارش منبەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

17:52 - 1 بانەمەڕ 2722

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئارش منبەری" کوڕی حوسێن خەڵکی گوندی "نییەر" سەر بە شاری سنە، پاش ١٥٧ ڕۆژ لە دەسبەسەری بە دانانی بارمتە لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کراوە.

ئارش منبەری پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵووەری ساڵی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

هەتا کاتی ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی ‌وەپاڵدراویدژی ئەو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک ورد لەبەردەستدا نییە.