كارخانەدارێکی ئیلامی بەهۆی \"فشار و سیستەمی سەقەتی بانكەكان\" ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا

14:46 - 21 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: بە هۆی \" یاسای دژوار و رێگرییە بانكییەكان\" خاوەن كارگەیەك لەئیلام، ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەر لەبەیانی رۆژی دووشەممە، بەرپرسی گشتیی كارگەی پیشەیی \"پڕۆفیلی زاگرۆس\" لەئیلام کە ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، بەهۆی سووتانی لەڕادە بەدەر، لەشاری تاران گیانی لەدەست دا.

ستار عەبداڵی رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٥ی گەلاوێژ لەبەردەم ئیدارەی ناوەندی بانكی \"سەنعەت و مەعدەن\" لە شەقامی وەلیعەسر لەنزیك پاركی \"وی\" دوای نووسینی نامەیەك ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە.

هەواڵدەریی ئیرنا وێڕای پشتڕاست كردنەوەی هەواڵی مەرگی ئەو هاووڵاتییە، لەزاری لێپرسراوی ژووری بازرگانی، کەرتە پیشەییەکان و وەرزێڕیی ئوستانی ئیلامەوە بڵاوی كردۆتەوە، عەبداڵی بە مەبەستی كردنەوە و وەرێ‌خستنی كارگەی \"پڕۆفیل فوولاد\" لەشارەكی پیشەیی ئیلام، ٦٠ میلیارد زەمانەتی دابین كردبوو، بەڵام سیستەمی بانكی تەنیا ٢٥ میلیارد ریاڵ لەو خزمەتگوزارییە بانكییەی پێ‌داوەتەوە.

شەعبان فرووتن وێڕای بە خۆشناو لەقەڵەمدانی ستار عەبداڵی وتویەتی: هێندێ‌ كەس بە هۆی گەندەڵی و پشتیوانی كردنیان لەلایەن كەسانی بەرپرسەوە قەرزی زۆر بەرچاو لە بانكەكان وەردرەگرن و لەهێندێ‌حاڵەتیشدا خۆیان لەدانەوەی قیستەكانیش دەبوێرن.

ئەو لێپرسراوە حكوومەتییە لەمەڕ دووپات بوونەوەی ئەو رووداوانە و قەیرانی بواری هەناردە و هاوردە لە ئوستانی ئیلام هوشداری داوە.

زیاتر لەنیوەی كەرتە بەرهەمهێنەرەكانی ئوستانی ئیلام بەهۆی كێشەی جۆراوجۆر بۆ وێنە نەببونی بودجە، زەخت و گوشاری بانكەكان و هاوكاری نەكردنی بانكەكان لەخاوەن كارگەكان، داخراون و یان تووشی وەرشكستی بوون.

نزیك بە سەد كرێكار لەكارگەی پڕۆفیلی فوولاد لەشارەكی سەنعەتی ئیلام ماوەی یەك ساڵە بەهۆی نەبوونی بودجە و بێ‌توانایی لە دابین كردنی سەرمایەدا داخراوە.

سەرچاوەكە \" رێگری و یاسای دژواری بانكەکان\"ی بە هۆكاری خۆسووتاندنی ئەو خاوەن كارگەیە لەقەڵەم داوە، ئەمەش لەحاڵێكدایە كە ستادی ناسراو بە \"بەرنگاربوونەوەی گەندەڵیی ئابووری\" لەئێران باسی لەوە كردووە ٦١٨ ملیارد تمەن سەرمایەی لەحاڵی گەڕاندا كەوتۆتە دەستی ٦٠٠ كەسەوە.

بەوتەی كارناسانی ئابووری، لەحاڵی حازردا بانكەكان بە گەورەترین مەترسی و كێشە بۆ سەر كەرتی بەرهەمهێنان و پەرەگرتنی ئەو كەرتە دێنە ئەژمار.