ئارام مورادیان بۆ زیندانی سنە ڕاگوێزرا

10:49 - 26 رێبەندان 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، ئارام مورادیان هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکردنی دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، "ئارام مورادیان" پاش ئامادەبوون لە دادگای ئینقلابی سنە دەسبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگاییەکەی بانگهێشتی دادگای ئینقلابی شاری سنە و لەسەر بڕیاری کاتیی دادوەری دادگا دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١١ی ڕەزبەر، "ئارام مورادیان" بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی هەتا کاتی کۆتایی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کرابوو. ناوبراو پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و لە گرتنی پارێزەر بێبەری کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٧ی خەرمانان، هێزە ئەمنییەکان بەبێ ‌بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر و ناوبراویان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کردبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.