"ئارام فەتحی" بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

16:59 - 18 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: "ئارام فەتحی"، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی مەریوان، پاش ٥ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، "ئارام فەتحی"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی بەفرانبار، بۆ دادگا ڕاگوێزرابوو، بەڵام دادگایی کردنی ناوبراو خرایە ئەمڕۆ چوارشەممە و دواتر بۆ زیندانی گشتیی مەریوان ڕاگوێزرا.

ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە، ڕۆژی شەممە، ١٤ی بەفرانبار، لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کرابوو.

پاش دەسبەسەرکردنی "ئارام فەتحی"، چالاکانی مەدەنیی مەریوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە بڵاوکردنەوەی پۆستگەلێک سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستیی ناوبراو، نیگەرانیی خۆیان دربڕی.

مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، ئەو چالاکە مەدەنییە لە پەیوەندی لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی منداڵ ئازاری، لەلایەن پۆلیس فەتاوە بانگهێشت کرابوو.

هەروەها ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، ئیدارەی پاسپۆرتی سنە بەو چالاکەیان ڕاگەیاندبوو کە "ممنوع‌الخروج" کراوە.

پاسپۆرتی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە ڕێکەوتی ١١ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، لەلایەن ئیدارەی پاسپۆرتەوە ڕاگیرا.