ئاراس محەممەدپوور، کۆڵبەری سەردەشتی لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە گیانی لەدەست دا

13:05 - 6 خەرمانان 2722

ئەمڕۆ یەکشەممە ٦ی خەرمانان، "ئاراس محەممەدپوور" خەڵکی شاری سەردەشت کە حەوتووی ڕابردوو، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری بانە، بە سەختی پێکرابوو لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە سەرەڕای نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی سنە، بەهۆی قورسیی برینەکانییەوە لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، گیانی لەدەست دا.

ڕۆژی سێشەممە ١ی خەرمانان، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرە لە سنووری بانە، کردبوو.

ئاراس محەممەدپوور خێزاندار و باوکی دوو منداڵە.