ئاكادیمیای كوردی بە هاوكاریی یۆنسكۆ رێوڕەسمی رێز گرتن لە زمانی زگماگی بەڕێوە دەبات

20:19 - 30 رێبەندان 2711
كوردپا: ئاكادیمیای كوردی لە شاری هەولێر بۆ یەكەم جار بە هاوكاریی رێكخراوی یونسكۆ بە مەبەستی رێزگرتن لە كۆی زمانەكان و بەتایبەت پەرەدان بە زمانی كوردی رێوڕرەسمی رێزلێنان لە زمانی دایكی بەڕێوە دەبات.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە هەولێر، بڕیارە كاتژمێر 3:30 پاش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە رێكەوتی 2ی رەشەممە (21ی فێوریە) لەلایەن ئاكادیمیای كوردییەوە لە رێوڕسمێكی بەریندا رێز لە رۆژی جیهانیی زمانی زگماگی بگیرێت.

سەرۆكی ئاكادیمیای كوردی وێڕای پژڕاست كردنەوەی ئەم هەواڵە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی كوردپا وتی: لەو رێوڕسمەدا كە كۆمەڵێكی بەرچاو لە نووسەران و مامۆستایانی زانستگاكانی كوردستان بەشدارن، نزیك بە 10 بابەتی توێژینەوە لەبارەی زمانی كوردییەوە پێشكەش دەكرێت.

دوکتور نووری تاڵەبانی وتیشی: \"بەڕێوەبەردنی ئەم رێوڕسمە بۆ یەكەم جار لە كوردستان، بە نیسبەت نەتەوەی كوردەوە تایبەتمەندییەكی زۆری هەیە، لە رووی حەشیمەتەوە یەكەم نەتەوەیە لە جیهاندا كە نەتەوەی خاوەن زمانی بێ دەوڵەتەوە و لە بەشێكی زۆری نیشتمانەكەیدا هەتا ئێستا دان بە زمانەكەیدا نەنراوە و خوێندەواران و منداڵانی كورد لە ناتوانن بە زمانی دایكیی خۆیان بخوێنن\".

سەرۆكی ئاكادیمیای كوردی ئەوەشی خستە روو، ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئاكادیمیاوە بڕیاری لەسەر دراوە و بۆتە بڕیار كە هەر ساڵە لە رۆژی 2ی رەشەممە، رۆژی جیهانیی زمانی زگماگیدا بەڕێوە بچێت.

ڕێكخراوەی یۆنسكۆ بۆ ماوەی 14 ساڵە ڕۆژی 2ی رەشەمە (٢١ فێوریە)ی وەك رۆژی جیهانیی زمانی دایك بە مەبەستی ێزگرتن لە كۆی زمانەكان و گرینگی دان بە زمانی نەتەوەكانی جیهان كە ژمارەیان دەگاتە 6 هەزار زمان، ناودێر کردووە.