UNPO بۆمبارانی بارەگاکانی حیزبی دێموکرت لە لایەن ئێرانەوە بە توندی مەحکووم دەکات

14:55 - 20 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ڕێکەوتی ١٠ی سێپتەمبر، UNPO بۆمبارانی بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە لایەن ئێرانەوە بە توندی مەحکووم کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕۆژی شەممە، ٨ی سێپتەمبری ٢٠١٨، بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI) لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە بۆمباران کرا. ئەم کارە لە درێژەی پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤدایە کە لە ١٩٧٩وە بە دژی خەڵکی سەرکوتکراوی کورد بەڕێوە دەچێت. UNPO ئەم هێرشە بە توندی مەحکووم دەکات و داوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکات کارێک بکات ئێران وەڵامدەری تاوانەکانی بێت.

ئەم هێرشە کە بەپێی راپۆرتەکان ١٥ کەس تێیدا گیانیان لەدەست داوە و ٥٠ کەسیش بە هۆیەوە بریندار بوون، نوێترین قۆناخی پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ئێرانەوەیە. بۆمبارانەکە لە کۆیە، پێتەختی کوردستانی عێراق و کۆیە نزیک پێتەختی هەرێمی کوردستانە کە هەولێرە ڕوویدا کە بەپێی ڕاپۆرتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران \"ئێران لە هێرشێکی هاریکاریکراو بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کەمپەکانی پەنابەران لە تەنیشتی ئەو بارەگایانە لە مووشەکی دوورهاوێژ کەڵکی وەرگرتووە\".

بەپێی ڕاپۆرتی تەلڤزیۆنی Al Jazeera، ئێران بەرپرسیارەتیی هێرشەکەی گرتووەتە ئەستۆ. بۆمبارانەکە لە تەلەفزیۆنی میللی ئێرانەوە ڕووماڵ کرا. بەپێی هەندێ شیکاری، هێرشەکە هۆشدارێکی سەمبولیک بووە بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەوێڕا ئەم حیزبە پاش دوو دەیە ئاشتی ناسەقامگیر دەستی کردووەتەوە بە چالاکترکردنی خەباتەکەی بە دژی ڕێژیمی ئێران.

Al Jazeera ڕاپۆرتی داوە کە ئەمە یەکەمین جۆری هێرشی لەو چەشنە بووە لە ١٩٩٦ بەملاوە.

PDKI لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە کە لەژێر تیشکی پێشێلکاریی چەندین دەیەیی مافەکانی مرۆڤ، جیاوازیدانانی نەتەوەیی و ڕووبەڕووی سەربازی بە دژی خەڵکی کورد، \"بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی کورد درێژە بە خەباتی لەبڕاننەهاتوو و ڕەوای خۆی لە پێناو وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی خەڵکی کورد دەدات\". UNPO لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە خەباتی بۆ ئازادی پشتیوانی دەکات و ئەم هێرشە بە توندی شەرمەزار دەکات کە لەژێرپێنانی کەرامەت و ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردە.