UN: لە هەر ١٠ حاڵەتی جینایەتی دژبە رۆژنامەنووسان، ٩ حاڵەتیان سزا نەدراون

17:48 - 12 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لەماوەی ١٠ سالی رابردوودا زیاتر لە ٧٠٠ رۆژنامەنووسی لە سەرتاسەری جیهاندا کوژراون و هەزاران کەسی دیکەشیان هەڕەشەی کوشتنیان لێکراوەو بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبۆنەی یەکەمین رۆژی جیهانیی \" بێبەریبوون لە سزادان بۆ بکوژ و جینایەتکارانی دژ بە رۆژنامەنووسان\" پەیامێکی بڵاو کردەوە.

بانکی مون لە پەیامەکەیدا باسی لە \"میدیای ئازاد\" وەک \" بەشێک لە دێمۆکراسی و پەرەگرتنی بەردەوام\" کردووە.

بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ماوەی ١٠ سالی رابردوودا نزیک بە ٨٠٠ رۆژنامەنووس لە کاتی ئەنجامدانی کاری پیشەیی خۆیاندا کوژراون، کە تەنیا لە ماوەی ١٠ مانگی رابردووی ئەمساڵی زایینیدا ٥٦ کەس کوژراون.

بانکی مون رۆژی شەممەی رابردوو لە پەیامێکدا بەبۆنەی رۆژی ٢ی نۆڤامبر، رۆژی \" بێبەریبوون لە سزادان بۆ بکوژ و جینایەتکارانی دژ بە رۆژنامەنووسان\"، رایگەیاند: هیچ رۆژنامەنووسێک نابێ لە کاتی ئامادەکردنی راپۆرت و هەوالدا گیانی بکەوێتە بەر مەترسی\".

بڵاوبوونەوەی ئەو پەیامە لە کاتێکدایە، کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە هەر ١٠ بکوژ و ئەنجامدەری تاوان دژبە رۆژنامەنووسان، ٩ کەسیان سزا نەدراون و بەرەوڕووی دادگا نەبوونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی بانکی مۆندا هاتووە: \"لەگەڵ کۆتایی هێنان بە بێبەری بوون لە تاوان، بناغەی ئازادیی رادەربڕین قاییم و بەهێزتر دەبێت\".

\"22984.jpg\"
بە وتەی ئەکبەر گەنجی، پیرۆز دەوانی بە بڕیاری راستەوخۆی غوڵامحوسێن موحسنی ئیژەیی کوژراوە
هاوکات لەگەڵ پەیامەکەی بانکی مون، رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنووریش بەیاننامەیەکی بڵاو کردۆتەوە.

لە بەیاننامەی رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنووردا هاتووە: هەواڵنێرانی بێسنوور وێڕای هەوڵدان بۆ لە دەوری یەکتر کۆکردنەوەی رای گشتی، خوازیاری گوشارخستنەسەری زیاتر بۆ سەر لێپرسراوانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانە، هەتا ئەنجامدەران جینایەتی کوشتنی پیرۆز دەوانی بچنە بەر دەم دادگا.

رێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور رایگەیتاندووە: \"بکوژی پیرۆز دەوانی، سەرنووسەری و خاوەن ئیمتیازی چاپەمەنیی پیرۆز، هاورێ لەگەڵ ٩ رۆژنامەنووسی کوژراوی دیکە، سزا نەدراون و لە سزا بێبەری بوونە\".

پیرۆز دەوانی رێکەوتی ٣ی خەرمانانی سالی ١٣٧٧ لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا بێسەروشوێن کرا. ناوبراو لە دەیەی ٦٠ی هەتاویدا بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی توودەی ئێراندا و بۆ ماوەی ٧ مانگ لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا بوو و لە ساڵی ٦٩ی هەتاویشدا بەهۆی بڵاوکردنەوەی راپۆرت سەبارەت بە بنەماڵەی لەسێدارەدراوانی دەیەی ٦٠، زیندانی کرابوو، کە پاش ئازادکرانیشی چەندین جار لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکرابوو.

هەواڵنێرانی بێسنوور بە مەبەستی بەرنگاربوونەو لەگەڵ بێبەریبوونی تاوانبارانی دژبە رۆژنامەنووسان لە سزای دادگا، داوای کردووە، راوێژکارێکی تایبەتی بۆ سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری بکرێ و لە گەڵ ئەوەشدا تێبینییەک بە ماددەی ٨ی ئەساسنامەی دیوانی سزادانی پەسندکراوی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمەڕ تاوانەکانی شەڕ زیاد بکرێ.

بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، لە ئیستادا ١٣ رۆژنامەنووسی کورد، کە سەرجەم بە زیاتر لە ٧٠ ساڵ زیندانی مەحکووم کراون، لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندان.

هەروەها ٥٠ رۆژنامەنووسی غەیری کورد، حوکمی زیندانیی تەعزیرییان بۆ بڕاوەتەوەو لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا ماوەی حوکمەکەیان تێپەڕ دەکەن.