RMMK کردەوەی تیرۆر و دانانەوەی بۆمبی مەحکووم کرد

15:44 - 27 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک کردەوەی دانانەوەی بۆمب و تیرۆری بەدژی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش بڵاو بوونەوەی هەواڵی دانانەوەی بۆمب لەبنکەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و هەوڵی تیرۆرکردنی جێگری سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

لەبەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە: پێویستە بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران و رێبەرانی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەرێگەی دانوستان و ئاشتییەوە کێشەکان چارەسەر بکەن.

دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

بەپێی ئەو راپۆرتانەی بەدەستمان گەیشتووە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئاغای رەزا کەعبی کەیەکێک لەبەرپرسانی حیزبە سیاسییەکان بووە لەپیلانێکی تیرۆریستی رزگاریی بوو و لەهەمان کاتیشدا کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران باسی لەپووچەڵ کردنەوەی بۆمب کە لەدەورووبەری بنکە و بارەگاکانیان دانرابوویەوە، کردووە. هاوکاتیش میدیا و راگەیەنە دەوڵەتییەکان لەئێران هەواڵی تێکهەڵچوونی چەکدارانە لەنێوان هێزە حکوومەتییەکان و گرووپەکانی سەر بە حیزبە کوردییەکانیان لەناوچە سنووریی و بەرزاییەکانی کوردستان بڵاو کردەوە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای مەحکووم کردنی هەوڵی تیرۆرکردنی مرۆڤەکان بەدوور لەهەر چەشنە پاساوێکی سیاسی و غەیری سیاسی، هەروەها دانانەوەی بۆمب لەبنکە و شوێنی حەوانەوەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وەکوو هەوڵێکی پاساو هەڵنەگر، بە توندی مەحکووم دەکات.

ئەم رێکخراوە مافی مرۆڤییە داخ و پەژارەی خۆی لەکوژرانی مرۆڤەکان لەتێکهەڵچوونەکانی نێوان هێزە حکوومەتییەکان و کەسانی سەر بە حیزبە سیاسییەکان دەردەبڕێ و داوا لەلایەنەکان دەکات کە خۆیان لەتوندوتیژی بەدژی یەکتر ببوێرن و خوازیارە کە بەرپرسانی سیاسی و نیزامی حکوومەتیی و رێبەرانی حیزبە کوردییەکان لەرێگەی سیاسیی و ئاشتیخوازانەوە کێشەکانی کوردستانی ئێران چارەسەر بکەن.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان
تاران ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٩٤
١٧ی ئاگوستی ٢٠١٥