RMMK چالاکیی برایانی کوردپوور بۆ ئازادیی بەیان و میدیا گرینگ وەسف دەکات

16:20 - 18 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان به بۆنەی ئازدایی خوسرەو کوردپوور، بەرپرسی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان لە بەیاننامەیەکدا پیرۆزبایی لە ناوبراو کرد.

خوسرەو کورد پوور، له ١٥ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی دوای ٥ ساڵ زیندانی لە زیندان ئازاد کرا. ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمەی ١٣٩١ دەستبەسەر و لە دادگادا بە تاوانی \"کۆبوونەوە، هاوکاری و پڕۆپاگەنده دژی نیزام\" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و دوورخستنەوە بۆ زیندانی تەورێز مەحکووم کرابوو.

دەقی ئەو بەیاننامەیە کە بە دەستی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووه بەم چەشنەیە:

پیرۆزبایی بە بۆنەی لە زیندان ئازاد بوونی خوسرەو کوردپوور


خوسرەو کوردپور ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان، دوای تێپەڕاندنی ٥ ساڵ زیندانی و دوورخستنەوەی بۆ زیندانی تەورێز لە زیندان ئازادبوو. بەڕێز خوسرەو کوردپوور و براکەی مەسعوود کوردپوور لە چالاکانی ناسراوی گۆڕەپانی میدیای ئازاد لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتن. ئەم دوو برایە کە خزمەتی بەرچاویان بە میدیای ئازاد لە کوردستان کردووە، لە مانگی ڕەشەممەی ١٣٩١ بە تاوانی هاوکاری و پڕوپاگەندە دژی نیزامی ئیسلامیی دەسبەسەر کران. دادگای ئینقلابی ئیسلامیی مەهاباد ئەم دوو برایەی بە ٥ ساڵ زیندان و دوورخستنەوەی بۆ زیندانی تەورێز و ٣ ساڵ حەبسی بڕاوە مەحکووم کرد. ئەو دوو برایە دوای تێپەڕاندنی حەبسەکەیان ئازاد کراون.

دەبیرخانەی ڕێکخراوی داکۆکی لە ماڤی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ دەربڕینی بەداخەوە بوونی خۆی بۆ ئەو زیندانییە ناڕەوایە کە بەسەر برایانی کوردپوورداسەپا بوو، تێکۆشانی ئەم دوو برایەی بۆ ئازادیی بەیان و میدیا و داکۆکی کردنیان لە مافەکانی مرۆڤ بەرز نرخاند.

ئەم دەبیرخانەیە پیرۆزبایی خۆی بە بۆنەی ئازادیی خوسرەو کوردپور بە خێزان و کەسوکاری و تەواوی داکۆکیکاران لە ئازادیی بەیان و مافی مرۆڤ لە کوردستان ڕاگەیاند.

هەینی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٦
٨ی سێپتامبری ٢٠١٧

دەبیرخانەی ڕێکخراوی داکۆکیی له مافی مرۆڤی کوردستان