RMMK: ناوەندە فریاکەوتنە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان، بە هانای لێقەومانی بومەلەرزەوە بێن

14:40 - 23 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە پەیامێکدا بۆ بەجێماوانی بوومەلەرزە لە کوردستان هاوخەمیان دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە پەیامێکدا، داوایان لە ناوەندە فریاکەوتنە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان کرد کە بە هانای لێقەومانی خەڵکی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان بێن.

دەقی تەواوی ئەو بانگەوازە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:

پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی کوردستان
لە دوای ڕووداوی بوومەلەرزەی گەورە و هەژێنەر لە هێندێک لە وڵاتان و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان و دانیشتوانی ئەو ناوچەیە، بەتایبەتی شارەکانی پارێزگای کرماشان بریندار و گیانی خۆیان لە دەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان خەساری مرۆیی و مەعنەوی و مادی زۆر بەرچاو بووە و بەداخەوە ئاماری گیان لە دەست دراوەکانی ئەو ڕووداوە ڕووی لە هەڵکشانە.
ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی ئێران، لە دوای ئەو ڕووداوە هەژێنەرە و گیان لە دەست دانی زیاتر لە ٣٩٠ هاووڵاتی و بریندار بوونی لاینکەمی ٦٦٠٠ هاووڵاتی، لە ناخی دڵەوە خۆی بە خەمبار دەزانێت.

ئەم ڕێکخراوە وێڕای هاودەردیی خۆمان لەگەڵ قوربانیان و ئارەزووی چاکبوونەوەی باری تەندروستیان، گیان لە دەست دانی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە ڕووداوی دڵهەژێنی بوومەلەرزە لە چوار پارچەی کوردستان، ئێران و عێراق بە بەجێماوانی بەرکەوتووانی بوومەلەرزەکە و خەڵکی کوردستان و ئێران و عێراق و ویژدانی گشتی و مرۆڤایەتی دەردەبڕین و لە کۆتاییدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، ناوەند و ڕێکخراوەکانی یارمەتی گەیاندنی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێونەتەوەیی بانگهێشتی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە دەکات.

٢٢ خەزەڵوەر/ ١٣ نوامبێری ٢٠١٧
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان