RMMK: شەڕی هێرشکارانە و داسەپاوی تورکیە بۆ سەر عەفرین ڕاگرن

14:57 - 20 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، بێدەنگی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئورووپا لە بەرانبەر هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرینی بە کارەسات ناوزەد کرد.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا داوا لە ناوەندەکان و کۆمەڵگای مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان دەکات بارودۆخی نالەباری خەڵکی گەمارۆدراوی شاری عەفرین لە بەرچاوبگرن.

لە بەشێکی ئەم بەیاننامەیەدا هاتووە:

نزیکەی پەنجا ڕۆژە کە ئەرتەشی تورکیە و گروپە جیهادییەکانی سەر بەم وڵاتە، هێرشی هەمەلایەنەیان کردووەتە سەر کانتۆنی عەفرین لە باکووری سوریە \"ڕۆژئاوا\"، هێزە هاوبەشەکانی تورکیە و جیهادییەکان لە ڕێگەی زەوینی و ئاسمانییەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار تۆن بۆمب و مووشەك و گولەیان بەسەر خەڵکی بێدیفاعی عەفریندا باراندووە. بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرچاوە سەربەخۆکان ژمارەیەک لە گوندەکان و شارەکانی کانتۆنی عەفرین لەلایەن هێزە هێرشکارەکانی تورکیەوە داگیرکراوە و خەڵکی ئەم شوێنانە ماڵەکانیان چۆڵ کردووە. زیاتر لە ٣٠٠ ژن و منداڵ و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و دەیان هەزار هاووڵاتی هەڵاتوون یان لەو ناوچانە کە داگیرکراوە دەرکراون.

خەباتکارانی کورد، پاش ئەوەی باکووری سوریەیان لە گروپی دەوڵەتی ئیسلامی داعش پاک کردەوە و ئەم گروپە تیرۆریستییەیان لە شاری ڕەقە وەدەرنا، ئەمەش تووڕەبوونی دەوڵەتی تورکیەی لێكەوتەوە. ئەم دەوڵەتە کە خەریکی پێگەیاندن و پشتیوانی نهێنی داعش بەهەژمار دێت، هەنووکە خۆی چووەتە گۆڕەپانی جەنگ و بەشێوەیەکی زۆر ڕقاوی خەڵکی مەدەنی و هێزە خەباتکارەکانی کوردی کردووەتە ئامانجی تۆپ و خومپارە و هێرشی بێڕەحمانە.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤ لەو بڕوایەدایە کە هێرشی وێرانکارانە و بێڕەحمانەی هاوبەشی ئەرتەشی ڕاسیزمی تورکیە و گروپە جیهادییە بونیادگەراکان و داعشی نوێ بۆ سەر عەفرین و خەڵکی کورد، هەوڵ و گەڵاڵەداڕێژەری ئەم دەوڵەتە بۆ لەناوبردنی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دەسەڵاتی ناوچەیی و لەناوبردنی بوونی کانتۆنە خۆبەڕێوبەرییەکان بە تەواوی نەژادپەرەستانە و هەوڵی لە ڕاستای جینایەتی پاکتاوی نەتەوەیی کورد لە باکووری سووریەدایە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە ویژدانە نەنووستووەکانی جیهان دەکات کە سەرنجی جینایەتی ئەرتەشی هاوبەشی تورکیە و داعشی نوێ لە عەفرین بدەن و هەروەها بەشداری و هاودەستی هەندێک لە زلهێزەکان لە شەڕی ناوخۆیی سوریە و بێدەنگی کارەساتباری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکیەتی ئەوروپا و چاوەدێرانی نێونەتەوەیی لەسەر ئەو ڕووداوە بانگ دەکات.

بۆ خوێندنەوەی دەقی تەواوی ئەم بەیاننامەیە دەتوانن سەردانی بەشی فارسی کوردپا بکەن.