RMMK: زیندانیی سیاسی محەممەد نەزەری ئازاد بکرێت

13:59 - 23 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، داوای ئازاد کردنی بە پەلەی محەممەد نەزەری کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەمبەر خراپ بوونی دۆخی جەستەیی محەممەد نەزەری و درێژەی مانگرتنی لە خواردن نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە کە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

\"زیندانیی سیاسی محەممەد نەزەری ئازاد بکرێت\"


محەممەد نەزەری زیندانیی سیاسیی کورد ٧٧ ڕۆژ پێش مانی لە خواردن گرتووە. بەپێی ئەو هەواڵانەی لەبەر دەست دایە، ئەو زیندانییە بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بە درێژەی زیندانی کردنی نادادپەروەرانە و درێژماوە و قەبووڵ نەکردنی دەزگا ئەمنییەتی و قەزاییەکان بۆ ئازادی مەرجداری ناوبراو، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن. لەو پێوەندییەدا هەندێک سەرچاوەی هەواڵدەریی باس لە خراپتر بوونی دۆخی جەستەیی ناوبراو و تەنانەت ئەگەری مردنی دەکەن.

محەممەد نەزەری هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری سائین‌قەڵایە. ناوبراو ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی بە تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی دەسبەسەر کرا. دادگای ئینقلابی شاری بۆکان سەرەتا ناوبراوی بە ئێعدام و دواتر بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کرد. ناوبراو دوای ٢٤ ساڵ پێش لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، بێ هیچ مەرەخەسییەک و داشکاندنی حوکمەکەی، تا ئێستا لە زیندان دایە.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، سەرەڕای نیگەرانی دەربڕین لە دۆخی خراپی جەستەیی محەممەد نەزەری و درێژەی مانگرتنی ئەو زیندانییە سیاسییە، داوای ئازادیی بە پەلەی ناوبراو دەکات. ئەو ڕێکخراوە داوا لە بەرپرسان و کاربەدەستانی قەزایی و ئەمنییەتی دەکات، ئازاد کردنی یاسایی ناوبراو جێبەجێ بکەن.

٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی
١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی زایینی

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان