RMMK: رێگە لە قاچاخ و تاڵانکردنی ئاسەوارە مێژووییەکان بگرن

16:43 - 10 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: دزین و قاچاخی کەلوپەل و ئاسەوارە مێژوویی ئوستانە کوردنشینەکانی ئێران، پەرچەکرداری رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی لێکەوتەوە.

بەپێێ راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەپێی ئەو نامە و سکاڵایانەی کە بۆ ناوەندێکی سەربەخۆی داکۆکیکاری مافی مرۆڤی کورد نێردراون، گروپ و کەسانی سەربە حکوومەت و ناوەندەکانی سەربە دەسەڵات لە ئێران، هەوڵی رێکخستنی باندی دزین و تاڵانکردنی کەلوپەل و ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانات ئەدەن.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، وێڕای بە نەشیاو زانینی هەڵدانەوە، قاچاخ، تاڵان کردن و رووخاندنی شوێنەوارە مێژووییەکان لە کوردستانی ئێران، لەو پەیوەندییەدا خوازیاری هەڵوێستی جیددیی دەوڵەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بووە.

لە کۆتاییەکانی حەفتەی رابردوودا ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، راپۆرتێکی لەژێر ناوی \"تاڵان کردنی ئاسەوارە مێژوویەکانی شاری سنە بە ئاگاداریی ئیدارەی میرات فەرهەنگی و ئوستانداری کوردستان\" بڵاو کردەوە.

دەقی نامەی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە کراوەتە کوردی، کە لێرەدا بڵاو دەکرێتەوە:

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان کۆمەڵێک نامە و سکاڵای بەدەست گەیشتووە، کە باسیان لە کۆمەڵێک کەس و گرووپی سەربە حکوومەت و دەسەڵات کردووە، کەلە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا بە مەبەستی قاچاخ و فرۆشتنی عەتیقەجات، سەدان تەپۆڵکە و شوێنەواری مێژوویی ئوستانە کوردنشینەکانی ئێرانیان هەڵداوەتەوە.

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە بەدەستمان گەیشتوون، ئەو شوێنانەی کە گومانی هەبوونی ئاسەواری مێژووییان لێ دەکرێت، لەلایەن هێندێک باندی تایبەتییەوە هەڵ ئەدرێنەوە و بە تاڵان دەبرێن، ئەمەش گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە تەنانەت گۆڕستانە کۆنەکانیش لەلایەن ئەو کەس و گروپانەوە هەڵبدرێنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ئەو ئاسەوارانەی لە ئەنجامی هەڵدانەوەی ناوەندە حکوومەتییەکانیشدا ئەدۆزرێنەوە، بۆ دەرەوەی ئوستانە کوردنشینەکان دەبردرێن و رەوانەی شارەکانی وەکوو تاران دەرکرێن.

لەم پەیوەندییەدا ئەو ئاسەوار و کەلوپەلانەی، کە لە قەڵای زێویەی شاری سەقز دۆزرابوونەوە و بۆ شاری تاران راگوێزرابوون، چەند رۆژ پێش ئێستا و بۆ ماوەی چەند رۆژێک، بە مەبەستی پیشاندان لە مۆزەخانە، گەڕێندرابوونەوە شاری سنە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەو ئاسەوارانە مڵک و ناسنامەی خەڵکی کوردستانن و پێویستە لە مۆزەخانەکانی کوردستاندا پارێزگاری و ئاگادارییان لێبکرێت.

رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان تاڵانکردن، دزین و قاچاخ و فرۆشتنی ئاسەوارە مێژووییەکان، کە بە بەڵگە و شوناسی مێژوویی، فەرهەنگ و شارستانییەتی ئەژدادیی نەتەوەکانی ئێران دادەندرێن، بە کارێکی نەشیاو و ناڕەوا و پێویست بە بەدواداچوون دەزانێت.

ئەم رێکخراوەیە داوا لە دەوڵەت و تێکرای لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە سەبارەت بە دروست کردنی مۆزەخانە و شوێنی شیاو بۆ پارێزگاری کردنی ئاسەوار و بەڵگە مێژوویی، فەرهەنگی و شارستانییەتی خەڵکی ئەم هەرێمە، بردنە دەرەوەی ئاسەواری مێژوویی لە هەرێمەکان و بەتایبەت لە کوردستانات رابگرن و هاوکات رێگری لە کەس و گروپەکانی سەربە دەوڵەت بکەن، چیدیکە ئاسەوارەکان بە تاڵان نەبەن.