RMMK: دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی هەڵبوشێنێتەوە

16:17 - 12 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا بە نیسبەت پشتڕاست کردنەوەی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی نیگەرانی دەربڕیوە.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆیییە، لەو بەیاننامەیەدا داوا لە حکوومەتی ئێران دەکات، کە حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی هەڵبوشێنێتەوە و دەرکردنی ئەو حوکمە لە بنەڕەتدا \"بە پێچەوانەی ئوسوول و یاسا و ڕێسا و ستانداردەکانی حقووقی و یاسای مافی مرۆڤ\" زانیوە.

دەقی تەواوی ئەو بەیاننامەیە.

بەپێی ئەو زانیارییانە کە لە بەردەستدان، حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی لە لایەن یەکێک لە لقەکانی دەزگای قەزایییەوە لە شاری قوم دەرکراوە. بە وتەی ئەندامانی بنەماڵەی ڕامین، ڕۆژی سێشەممە ١١ی بانەمەڕ، ڕامین حوسێن‌پەناهی بۆ بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدامەکەی ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندانی شاری سنە کراوە و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە ڕامین ئێعدام بکرێت، ئەو حوکمە پێشتر لە دادگای شاری سنە دەرچووە و بە ئاگاداری لقی پێداچوونەوەی پارێزگای سنەش ڕاگەیەندراوە.

ڕامین حوسێن‌پەناهی لە سەرەتای مانگی هاوینی ساڵی ڕابردوودا، لە شاری سنە دەسبەسەر کراوە و لەو کاتەوە لە گرتووخانەی ئەمنییەتی سپای پاسدارانە و تۆمەتی وەپاڵدراوی ناوبراو لایەنگەری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیەندراوە.

شایانی باسە، لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنی ڕامین، لە لایەن دەزگای ئەمنییەتییە پێوەندیدارەکانەوە، سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەشی گیانیان لە دەست داوە.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای بەداخبوون بۆ حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی، دەرکردنی ئەو حوکمە لە بنەڕەتدا \"بە پێچەوانەی ئوسوول و یاسا و ڕێساکان و ستانداردەکانی حقووقی و یاسای مافی مرۆڤ\" دەزانێ و وێڕای داواکاری لە ناوەند و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ، بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە نادادپەرەوەرانەیە، داوا لە دەزگا قەزایی و یاسایییەکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەکات، هەتا حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی بە زووترین کات هەڵبوشێننەوە.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان
ڕێکەوتی: ١١ی بانەمەڕ ٩٧ی هەتاوی/یەکەی مانگی مەی ٢٠١٨