RMMK داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤی کرد

14:15 - 22 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک داوای ڕاگرتنی ڕەوتی دەستبەسەر کردن و بەرهەڵستبوونەوەی چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤیان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بەخەم بوونی خۆی بە نیسبەت درێژەی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەربڕی.

دەقی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ کە بە دەستی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە وەک خۆی لە خوارەوە هاتووە:

\"لە درێژەی ڕەوتی مێژینەی زەوتکردنی مافەکان لە ئێراندا، دەستبەسەرکردن و زیندانی کردنی چالاکانی مەدەنی، مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان درێژەی هەیە. لەو ڕاستایەدا و لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، چەندین کەس لە میدیاکاران وەکوو حەسەن شێخ ئاقایی لە کوردستان، عیسا سەحەر خیز، ئیحسان مازەندەرانی و چەندین کەسی دیکە دەستبەسەر کراون.

هاوکات، ڕۆژنامەنووسانی کورد وەکوو عەدنان حەسەنپوور لە دە ساڵ پێشەوە و خۆسرۆ و مەسعوود کوردپوور نزیک بە سێ ساڵە دەستبەسەر و لە مافەکان و ئازادییەکانیان بێبەش کراون. هاوتەریب لەگەڵ بەرڵهەستبوونەوەی چالاکانی ڕۆژنامەنووس، چالاکانی مافی مرۆڤیش لە زیندان، دەستبەسەرکردن و ئازار و ئەزیەت بێبەش نەبوون، بە چەشنێک کە بەشێک لە چالاکانی بەناوبانگی مافی مرۆڤ وەکوو خاتوو نەرگس موحەممەدی، بەهارە هیدایەت و بەڕێزان عەبدولفەتاح سوڵتانی، محەممەد سدیق کەبوودوەند، محەممەد سەیفزادە و چالاکی کۆمەڵایەتی سەعد مەدەنی و بەشێکی دیکە لە چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی لە چەند ساڵ پێشەوە دەستبەسەر و زیندانی کراون کە دۆخی تەندروستی و یان نەخۆشیی ئەوان لە سنووری مەترسیداردایە. هەر لەو پەیوەندییەدا، خاتوو نەرگس موحەممەدی بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی، پێویستی خێرای بە چاوەدێریی پزیشکی لە دەرەوەی زیندان هەیە و بەڕێز کەبوودوەندیش بەهۆی ڕاگیرانی زیاتر لە یەک دەیە لە زیندان، تووشی چەندین نەخۆشینی سەخت بووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای دەربڕینی پەرۆشیی خۆی بەنیسبەت بەردەوامیی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەئێراندا، وێڕای داوکاریی ڕاگرتنی ڕەوتی دەستبەسەکردن و بەرهەڵستکاربوونەوەی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ، خوازیاری کۆتایی هێنان بە پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادیی ڕادەربڕین، چاپەمەنی و مافی مرۆڤ، دەستبەجێ ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مافی مرۆڤ وەکوو عەدنان حەسەن پوور، خۆسرۆ کوردپوور، مەسعوود کوردپوور، عیسا سەحەرخیز، ئیحسان مازەندەرانی، نەرگێس موحەممەدی، بەهارە هیدایەت، عەبدولفەتاح سولتانی، محەممەد سەیفزادە، سەعید مەدەنی و محممەد سدیق کەبوودوەند دەکات.

تاران: ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٤ / ١٠ی دێسامبری ٢٠١٥
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان