RMMK: حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی و هیدایەت عەبدوڵڵاپوور هەڵبوەشێتەوە

14:06 - 10 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاگەیندراوێکدا، حوکمی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور و ڕامین حوسێن‌پەناهی بە دژایەتی لەگەڵ مافی مەدەنی، هاووڵاتیی بوون و بنەماکانی مافی مرۆڤ دەزانێ.

لە ڕاگەیندراوی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە:

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای دەربڕینی داخ و پەژارەی خۆیان سەبارەت بە حوکمی ئیعدامی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، ئەو حوکمە بە دژایەتی لەگەڵ مافی مەەنی و هاووڵاتیی بوون و بنەماکانی مافی مرۆڤ دەزانێ.

ئەو ڕێکخراوە پێداگری لە سەر ئەوە دەکات، کە بڕینەوەی ئەو حوکمە لە لایەن دادگاکانی ئینقلاب بە پێچەوانەی پێوەر و ستانداردەکانی حقووقی قەزایی و دادگەری جێ قەبووڵ و جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤە. ئەو ڕێکخراوە داوای هەڵوشاندنەوەی حوکمی نادادپەروەرانەی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور و ڕامین حوسێن‌پەناهی دەکات.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیندراوەدا هاتووە، لەم دواییانەدا لقەکانی دادگای ئینقلاب لە شاری سنە و ورمێ بۆ دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ڕامین حوسێن‌پەناهی و هیدایەت عەبدوڵڵاپوور حوکمی ئیعدامی بڕیوەتەوە. تاوانی هەر یەک لە ناوبراوان ئەندامبوون و هاوکاری کردن لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران ڕاگەیندراوە.

لە کۆتایی ئەو ڕاگەیندراوەدا، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، حوکمی ئێعدامی ئەو دوو هاووڵاتییە بە دژایەتی لەگەڵ مافی مەدەنی، هاووڵاتیی بوون و بنەماکانی مافی مرۆڤ دەزانێ.

دەقی تەواوی ئەم ڕاگەیندراوە لە بەشی فارسی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا دایە.