RMMK: حوکمی ئێعدامی محەممەد عەلی تاهیری هەڵوەشێتەوە

16:05 - 6 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: شۆرای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە بەیانییەیەکدا داوای هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدامی محەممەدعەلی تاهیری، بەڕێوەبەری دامەزراوەی عێرفانی حەلقەی کرد.

شۆرای بەڕێوبەریی ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە بەیانییەیەکدا دەرچوونی حوکمی ئێعدامی بۆ محەممەدعەلی تاهیری، نەگونجاو لەگەڵ ئوسوولی بنچینەیی مافی مرۆڤ، ناوەڕۆکی مافی یاسایی و مەدەنی دەزانێت.

دەقی بەیانییەکە کە به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە میدیاکاندا، دادگای ئینقلابی ئیسلامیی تاران، محەممەدعەلی تاهیری بە ئێعدام مەحکووم کردووە. بەڕێز تاهیری بەڕێوەبەریی دامەزراوەی عیرفانی حەڵقەیە، کە لە ٦ ساڵ پێشەوە بە تۆمەتی عەقیدەتی ـ مەزهەبی لە زیندان دایە. بەپێی یاساکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، ناوبراو بە \"افساد فی الارض\" تاوانبار کراوە و لە هەندێک لە میدیاکاندا لە زاری بەرپرسانی قەزایی و دادستانی تاران، تۆمەتەکانی ناوبراویان لە بیاڤی فکری و تێزەکان، نایاسایی لە قەڵەم داوە.

محەممەدعەلی تاهیری ساڵی ١٣٨٩ بە ٥ ساڵ زیندان لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی مەحکووم کرابوو، کە زیندانی ناوبراو لە مانگی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی کۆتایی پێهات. سەرەڕای ئەوەیکە ٦ ساڵ لە زیندانی بوونی تێپەڕیوە، بەڵام هەتا ئێستەش لە زیندانی تاکەکەسیدا ڕاگیراوە.

شۆرای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان سزای زیندان کردن و دەرکردنی حوکمی ئێعدامی بۆ محەممەدعەلی تاهیری بە تۆمەتی چالاکیی لە بیاڤی فکری و عەقیدەتی، یان بوونی باوەڕی جیاواز بە دژی ئوسوولی بنچینەیی مافی مرۆڤ، مافی یاسایی و مەدەنی دەزانێت.

ئەو ڕێکخراوە؛ داوا لە دەوڵەت و دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات، بە هەڵوەشاندنەوەی مەحکوومیەتی محەممەدعەلی تاهیری ناوبراو ئازاد بکات.

٦ی خەرمانی ١٣٩٦ی هەتاوی
٢٨ی ئاگۆستی ٢٠١٧ی زایینی

شۆرای بەڕێوبەریی ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان