RMMK: تێرۆر و تێرۆریزمی دەوڵەتی مەحکوومە

15:22 - 21 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە بەرەبەری ٢٩هەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو، تێرۆری ئەم ڕێبەرە ناودارەی کوردی مەحکووم کرد.

دەقی تەواوی ئەم بەیاننامەیە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:
ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان لەو باوەڕەدایە، داخوازیی مافی بنەڕەتی خەڵکی کوردستان لە گۆڕ نانرێت.

ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، ڕۆژێک بۆ مەحکوومکردنی تێرۆر و تێرۆریزمی دەوڵەتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتە، لەوەها ڕۆژێکدا، دوکتور عەبدوڵڕەحمان قاسملوو سکرتێری ئەو کاتی حدکا، لە کاتی وتووێژ لەگەڵ نوێنەری دەوڵەتی ئێران و لە پشت مێزی وتووێژ لە شاری ڤییەنی وڵاتی ئوتریش، کرایە ئامانجی هێرشی تێرۆریستی و لەگەڵ دوو کەس لە هاوڕێیەکانی کوژران.

ناولێنانی ئەم ڕۆژە لە داهێنان و پێشنیاری ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان و بەڕێوەبەرانی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بووە. ئەم ڕێکخراوەیە بە پێداگری لەسەر هەڵوێستی پێشووی خۆی لەگەڵ تێرۆریزم و لێکەوتەکانی، بەتایبەتی تێرۆریزمی دەوڵەتی و هەوڵدان بە سڕینەوەی فیزیکی و تێرۆری کەسەکان و دژبەرانی دەوڵەتی لە هەر کاتێک و شوێنێک و بە هەر بیانوو و ئامانج و مەبەستێک کە ڕوو بدات، جێگای پاساوهێنان نییە و مەحکووم دەکرێت.

ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای مەحکووم کردنی دووبارەی تێرۆری دوکتور قاسملوو، درێژەی تێرۆر، ئێعدام و یان زیندانکردن و بەندکرانی ڕێبەران و چالاکانی کۆمەڵگای سیاسی و مەدەنیی کوردستان، بە لە گۆڕنانی داخوازییەکانی مافی خەڵکی کوردستان بە دوور لە پاساو دەزانێ و پێداگری لە سەر مافەکانی کورد و دابینکردنی ئازادی و مافی دێموکراتیک و فێدراڵی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات.

ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان
ڕێکەوتی ٢١ پووشپەڕی ٩٧ بەرانبەر بە ١٢ی جوولای ٢٠١٨