RMMK / تۆمەت دانەپاڵ بزوتنەوەی مەدەنی و سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات کارێکی ناڕەوایە

15:14 - 21 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، وەپاڵ دانی کەسانی تێرۆریست بە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی بە بڵاوکردنەوەی ڕق و بوغز دژی کوردەکان لەقەڵەم دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک داواکاری کۆتایی هێنان بە هەوڵە تەژی لە ڕق و بوغزەکان لە دژی کوردکان بوو.

دەقی ئەم بەیاننامەیە کە بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

ڕووداوە تێرۆریستیەکەی شاری تاران مەحکووم دەکەین

هێرشی تێرۆریستی و خوێنینی ئەم دوایانەی شاری تاران کە کوژراو و بریندار بوونی ژمارەیەک هاووڵاتیی مەدەنی لێ‌کەوتەوە، بوو بە هۆی بریندار بوونی ویژدانە بێدارەکان و داخ و کەرسەری قوڵی خستە سەر دڵی ئەندامانی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤ کوردستان، ئەم ڕێکخراوەیە وێڕای دەربرینی هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان و هاووڵاتییانی شاری تاران، ئەو هەوڵە تێرۆریستییەی تێرۆریستەکان بە کارێکی نامرۆڤانە دەزانێ و مەحکوومی دەکات.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، داوای سزا دانی تاوانکاران و بەڕێوەبەرانی ئەم هەوڵە تێرۆریستییە لە شاری تاران، لە چوار چێوەی یاسا و ڕێساکانی مافی مرۆڤ دەکات و لە هەمان کاتدا داوای لەبەرچاوگرتنی مافە یاساییەکان لەسەر بنەمای مافی مرۆڤی کردووە بۆ ئەو کەسانەی کە هاوکاریی گرووپە تێرۆریستەکانیان لە شارەکانی تاران، کرماشان، سنە و ورمێ کردووە و لەو پێوەندییەدا دەستبەسەر کراون.

ئەم ڕێکخراوەیە هەروەها دانە پاڵی وشەی تێرۆریست و کەسانی تێرۆریست و ئەندامانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامیی(داعش) بە خەڵکی کورد و بزووتنەوە مەدەنی و سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ناڕەوا و بڵاوکردنەوەی تۆوی ڕق و کینە دژی خەڵکی کورد دەزانێ و داواکاری کۆتایی هێنان بەو هەوڵەتەژی لە ڕقەیە.

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان
شەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٦ هەتای/ بەرانبەر بە ١٠ی ژوئەنی ٢٠١٧ زاییینی