RMMK: ئێعدامی قازی محەممەد، لە سێدارەدانی مافی مرۆڤ لە کوردستان بوو

16:47 - 10 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان بە بۆنەی شەهادەتی پێشەوا قازی محەممەد سەرکۆماری کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لەو بەیانییەدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە سەر ئەو باوەڕەیە کە لە سێدارەدانی قازی محەممەد لەو قۆناخە مێژووییە‌دا، لە سێدارەدانی مافی مرۆڤ و تیربارانی ویژدانی مرۆڤایەتی لە کوردستان بووە. ئەو ڕێکخراوە هاوقەدەم لەگەل کۆمەڵگای کورد و کوردستان ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە و ئێعدامی قازییەکان لەبیر ناکات.

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیانییەدا هاتووە، هەر وەک مێژوو شایەتی دەدات، لە سەردەمی حکوومەتی ئیستبدادیی پێشوو و لە ئاکامی ستەمی بێ تەدبیری دەسەڵاتدارانی ئەو کات و لە ٧٢ ساڵ لەمەوبەر وڵاتی ئێران کەوتە دەستی داگیرکەرانەوە. لە ئاکامدا حکوومەتی ناوەندی هەڵوەشایەوە و سەرەتاییترین مافی خەڵک پێشێل کرا و کەرامەتی خەڵک دزرا.

لەو بەیانییەدا هاتووە، قازی محەممەد و هاوبیرانی لە ڕێکەوتی ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، بە ڕاگەیاندنی خودموختاریی کوردستان لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێراندا، توانییان ئەمنییەت و ئاسایش بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەن تاکوو خەڵکی کوردستان مافی سیاسی، نیزامی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هەبێت.

لەو بەیانییەدا هاتووە ئەگەرچی تەمەنی کۆماری کوردستان کەم بووە بەڵام بەها و یادگاری گەورەی لەخۆی بەجێهشیت و دەبێ هەوڵەکانی قازی لەبیر نەکەین.

لە کۆتایی ئەو بەیانییەدا هاتووە ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە کە بە دوای ئەودا دەیان کوردی دیکە ئێعدام کران، هیچ کات نەیتوانی خەڵک لە وەرگرتنی مافی خۆی دڵسارد بکاتەوە.