RMMK: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی نابێت لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان پشت گوێ بخات

20:18 - 16 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای پاڵپشتیی جیددیی هەموو لایەنەکان لە هەوڵەکانی ئەم دواییانەی لێکۆڵینەوە نێونەتەوەییەکان لە سەر کۆمەڵکوژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئێران و کوردستان، دەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: نابێت لە ڕوانگەی ویژدانیی جیهانەوە شاراوە بێت کە بۆ یەکەم جار تاوانەکانی لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژییەکان لە کوردستاندا دەستی پێکردووە و پاشان ئەو کردارانە بۆ شوێنەکانی تری ئێران پەرەی پێدراوە، لە سێدارەدانی بە کۆمەڵ لە شارەکانی سنە، سەقز، مەهاباد، مەریوان، پاوە، کرماشان و کۆمەڵکوژییەکان لە گوندەکانی قاڕنێ، قەڵاتان، ئیندرقاش، سۆفیان، سەراوقامیش، پاییزئاوا، قەرەگۆل، چەقەڵ مستەفا، خەڵیفان، گۆڕخانە، جبرەئیل ئاوا، گوندەوێڵە و هەروەها کۆمەڵکوژیی و دەرکردنی کوردەکان لە شاری نەغەدەش نابێت لە بیر بکرێت.

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، هەوڵ بۆ ڕووناک کردنەوەی گۆشەیەک لە تاریکی تاوانە شاراوە و لەبیرکراوەکانی ڕێژیم و ناساندنی هەموو ئەو جۆرە تاوانانە وەکوو تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەدات و هاوکات ئیدانەکردنی ئەم جۆرە تاوانانە لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە بە سارێژکردنی ڕۆحی برینداری بنەماڵە و کەسوکاری کوژراوەکان و ئارام کردنەوەی ویژدانی کۆمەڵگای ئێران و خەڵکی کوردستان دەزانێت.

نۆسخەیەک لەو ڕاگەیەندراوە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نێردراوە کە بەم شێوەی خوارەوەیە:

هەر وەکوو مێژوو بۆمان شایەتی دەدات لە دەیەکانی شەست بەتایبەتی لە ساڵی ۱۳٦۷ی هەتاوی، بە هەزاران بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی ڕێژیم لە لایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کۆمەڵکوژ کران.

بەندکراوە کوژراوەکان کە زۆرینەیان ئەندامانی ڕێکخراو و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئێران و بەتایبەتی ئەندامی ڕێکخراو و حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردییەکان بوون، بە بڕیاری پێڕەوان و شەرعییەتی ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی، بە شێوەیەکی دڕندانە قەتڵ و عام و کۆمەڵکوژ کراون.

کوشتاری خوێنینی دڕندانە و کارەستباری بەندکراوانی سیاسی بێ هیچ لێپرسینەوە و دادگایی کردنێک، بەمەبەستی بەتاڵ کردنی بەندیخانەکان لە هەزاران بەندکراوی سیاسی، ئەو تاوانانە ئەنجام دراون کە وەکوو دڕندانەترین کارەساتی دژی مرۆڤایەتی لە مێژوودا تۆمار کراوە. بۆیە نابێت لە بیر بکرێت کە پێش لەو تاوانانەش لە کوردستان دیسان تاوان و ڕەشەکوژی هەبووە و بەداخەوە ناوەندە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ، وەکوو بێدەنگییە مەبەستدارەکانی حکوومەتەکان کە چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی شەڕ و ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەبوون، ئەوانیش لەو تاوانە دژە مرۆڤایەتییانە چاوپۆشییان کردووە و بێ دەنگییان هەڵبژارد.

نابێت لە ڕوانگەی ویژدانیی جیهان شاراوە بێت کە بۆ یەکەم جار تاوانەکانی کۆمەڵکوژیی و لەسێدارەدان لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و پاشان بۆ شوێنەکانی تری ئێران پەرەی پێدراوە. لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ لە شارەکانی سنە، سەقز، مەهاباد، مەریوان، پاوە، کرماشان و هەروەها کۆمەڵکوژییەکان لە گوندەکانی قاڕنێ، قەڵاتان، ئیندرقاش، سۆفیان، سەراوقامیش، پاییزئاوا، قەرەگۆل، چەقەڵ مستەفا، خەڵیفان، گۆڕخانە، جبرەئیل ئاوا، گوندەوێڵە و هەروەها کۆمەڵکوژیی و دەرکردنی بە کۆمەڵ لە کوردەکانی شاری نەغەدە نابێت لە بیر بکرێت.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە ساڵەکانی دەسپێکی چالاکییەکانی خۆیدا و لە پازدە ساڵی ڕابردووشدا لە سەر کۆمەڵکوژیی و لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ و کوشتنی بەندکراوانی سیاسی لە ساڵی ۱۳۶۷ی هەتاوی و ناساندنی هەموو جۆرە تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی لە کوردستان، چەندین جار داوای لێکۆڵینەوەی ڕاستەوخۆی لە کۆمەڵگا نێونەتەوەییەکان کردووە، بەڵام لە بەرانبەر پێداگری لە سەر داواکارییەکان و لانیکەمی سازی تاوانەکان، سەرکوتی ئەو ڕێکخراوە و گرتنی درێژخایەنی بەڕێوەبەرانی لێکەوتووەتەوە.

هەڵوێستەکانی ئەم دواییانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی (ئەمنستی) بە مەبەستی هەوڵدان بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە سەر چۆنیەتی و هۆکاری کۆمەڵکوژیی هەزاران بەندکراوی سیاسی لە دەیەکانی شەستدا، وێڕای ساڵانێک لە بەسەرچوونی ئەو تاوانانە و دێر هەنگاو هەڵگرتن لەمبارەیەوە، بەڵام لە جێگای خۆیەتی و شایانی ڕێز و پێزانینە و لە لایەن ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستانەوە پێشوازی لێوە دەکرێت. هەروەها ئەم ڕێکخراوەیە داوا لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی دەکات کە لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان نەخاتە پشت گوێ و لێکۆڵینەوەیەکی جیددی لە سەر لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ و کۆمەڵکوژییەکان لە نێوان ساڵەکانی ۱۳۵۹ تاکوو ۱۳۷۰ی هەتاوی لە کوردستان، بە لێکۆڵینەوەکانی خۆی زیاد بکات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان هەوڵ بۆ ڕووناک کردنەوەی گۆشەیەک لە تاریکی تاوانە شاراوە و لەبیرکراوەکانی ڕێژیم و ناساندنی هەموو جۆرە تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی دەدات و هاوکات ئیدانەکردنی ئەم جۆرە تاوانانە لە لایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەییەوە بە ساڕێژ کردنی ڕۆحی برینداری بنەماڵە و کەسوکاری کوژراوەکان و ئارام کردنەوەی ویژدانی کۆمەڵگای ئێران و خەڵکی کوردستان دەزانێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، داوای پاڵپشتیی جیددی هەموو لایەنەکان لە هەوڵەکانی ئەم دواییانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە داواکاری لێکۆڵینەوە نێونەتەوەییەکان لە سەر کوشتنی بەندکراوانی سیاسی لە ساڵەکانی ۱۳۶۷ی هەتاوی و هەوڵەکانی هاوشێوە و لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژییەکان لە کوردستان، دەکات.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان
۱٤ی سەرماوەزی ۱۳۹۷ی هەتاوی
۵ی دێسامبری ۲۰۱۸ی زایینی