RMMK: پێوەرەکانی مافی مرۆڤ، پابەند بوونی یاسایی و حقووقی هاووڵاتییانی دەستبەسەر کراو لە بەرچاو بگرن

16:18 - 24 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان ڕوو لە بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، لەهەمبەر دەستبەسەر کردنی ئەندامانی بنەماڵەی حوسین پەناهی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دژکردەوە نیشان دا.

دەقی تەواوی ئەو بەیاننامەیە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:

پێوەرەکانی مافی مرۆڤ، پابەندبوونی یاسایی و مافی هاووڵاتییانی دەستبەسەر کراوە لە بەرچاو بگرن.

بۆ بەرپرسانی ئەمنیەتی و قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران


بەپێی ڕاگەیەندراوەی سپای پاسداران لە بارەی شەڕ و تێکەڵچوونی تیمێکی ٤ کەسی لە ڕێکەوتی ٢٣ی ژووئەنی ٢٠١٧ لە شەقامی شاڵمانی شاری سنە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و هنێدێک لە ڕاگەیەنەکان باسیان لە گیان لە دەستدانی سێ کەس و دەستبەسەر کردنی کەسێکی دیکە بە ناوی ڕامین حوسێن پەناهی کردووە. بە پێی ئەو بەیاننامەی چاپەمەنی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی گیان لە دەستدراوەکان و کەسی دەستبەسەر کراو سەر بە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری دەوڵەتی ئێران بوون. لەو پەیوەندییەدا کەسانێکی دیکە لە بنەماڵەی گیان لە دەستدراوەکان بە ناوەکانی ئەحمەد حوسێن پەناهی، ئەنوەر حوسێن پەناهی، زوبێر حوسێن پەناهی، ئەفشین حوسێن پەناهی و عەباس حوسێن پەناهی دەستبەسەر کراون. بنەماڵە و نزیکانی ئەو دەستبەسەر کراوانە لە بارودۆخ و شوێنی ڕاگرتنی دەستبەسەر کراوەکان بە تایبەت دۆخی و چارەنووسی ڕامین حوسێن پەناهی کە دەوترێ لە کاتی دەستبەسەر کردنیدا تەقەی لێکراوە و بریندار بووە، بێ ئاگا و نیگەرانن.

شوورای بەڕێوەبەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان وێڕای هاوخەمی خۆی لە ڕووداونی ئەو ڕووداوە، داوا لە بەرپرسانی ئەمنیەتی و قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێڕان دەکات، پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و پابەندبوونی یاسایی و مافی هاووڵاتیی، لە پەیوەندی لەگەڵ مافی مرۆڤ و یاسای دەستبەسەر کراوەکان و بە پەلە ئاگادار کردنی بنەماڵەکانیان لە چۆنیەتی بارودۆخی دەستبەسەر کراوەکان بکەن و ئەوان لەگەڵ هەموو پابەند بوونی حقووقی و یاسای دەستبەسەر کراوەکان دڵنیا بکەنەوە.

هەینی ٢٣ پووشپەڕ ی ١٣٩٦/١٤ جۆلای ٢٠١٧

شوورای بەرێوەبەری ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان