RMMK: هەوڵ بۆ ئێعدامی سێ زیندانی کورد ڕاگرن

15:17 - 17 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، داوای لە دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران کردووە، بڕیاری ڕاگرتنی دەسبەجێی بەرێوەچوونی ئەگەری حوکمی ئێعدامی سێ زیندانیی سیاسیی کورد دەربکات.

ڕێكخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، دژکردەوەی لە هەمبەر بەڕێوەچوونی ئەگەری حوکمی ئێعدامی زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حوسێن‌پەناهی نیشان دا و هەروەها داوای لە دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران کرد، کە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی لە حوکمی ئەو سێ لاوە زیندانییە کوردە و بڕینەوەی حوکمی ئازادیی ئەوان بکات.

دەقی ئەو بەیاننامەیە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:

بەپێی هێندێک لە هەواڵە بڵاوکراوەکان و بە پشتبەستن بە بەڵگە و لێدوانە زارەکییەکانی دایکی زانیار و لوقمان مورادی و هەروەها پشتڕاستکردنەوەی نزیکانی ڕامین حوسێن‌‌پەناهی، ئەو سێ زیندانییە کوردە لە بەرەبەری بەرێوەچوونی حوکمی ئێعدامدان.

زانیار و لوقمان مورادی و ڕامین حوسێن‌‌پەناهی هەر کامەیان لە پەیوەندییە لەگەڵ چالاکیی سیاسی و ئەگەری پەیوەندی لەگەڵ لایەن و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، دەسبەسەر و زیندانی و بە ئێعدام مەحکووم کراون.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی ڕاست و دروستی ئەو هەواڵە کە زانیار و لوقمان مورادی هەروەها ڕامین حوسێن‌پەناهی، لە ژووری چاوەڕوانیی ئێعدامدان، لە پێشدا داوا لە دەزگای قەزایی دەکەین بڕیاری ڕاگرتنی دەسبەجێی ئەگەری حوکمی ئێعدامی ئەوان دەربکات. ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها داوای لە دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران کرد، کە پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتی لە حوکمی ئەو سێ لاوە زیندانییە کوردە و بڕینەوەی حوکمی ئازادیی ئەوان بکات.