RMMK: مەرگی فەهیم کەریمی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ‌دا گوماناوییە

14:36 - 2 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان مەرگی زیندانییەکی سیاسیی کوردی لە زیندانی ورمێ‌دا بە گوماناوی ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ٢٤ی بەفرانبار \"فەهیم کەریمی‌ ڕێک‌ئابادی\" زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ‌دا گیانی لەدەست داوە.

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ورمێ هۆکاری مەرگی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەیان بە بنەماڵەی ناوبراو، بە \"نەخۆشینی دڵ\" ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە کە؛ ناوەندە ئەمنیەتییەکان لە ورمێ بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییەیان سەبارەت بە درکاندنی هۆکاری مردنی فەهیم کەریمی خستووەتە ژێر گوشار و لە دانی هەر چەشنە زانیارییەک و لە ڕادەستکردنی جەنازەی ناوبراویش خۆیان بواردووە.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان مەرگی ئەو زیندانییه سیاسییه کوردەی بە گوماناوی ڕاگەیاندووە.

ئەو ڕێکخراوە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە؛ فەهیم کەریمی ڕیک ئابادی، زیندانیی سیاسیی کورد لە دەیەی ٧٠دا بە هۆی ئەوەیکە دژایەتی لەگەڵ گەڵاڵەی چەکدارکردنی گوندنشینان دژی ئۆپۆزیسۆنی دژبەری ئێرانی کردبوو، بۆ ماوەی ١١ ساڵ لە ناوەندە جیاوازەکانی ئیتلاعاتی و ئەمنییەتی لەژێر سەخترین ئەشکنجەی ڕوحی و جەستەیی دابووە.

هەروەها حکوومەتی ئێران دەستی بەسەر هەموو مڵک و داراییەکانی ناوبراودا گرتووە و هەوڵەکانی ناوبراویش لەو پێوەندییەدا بێ‌ئاکام مابووە.