RMMK ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانی پیرۆز کرد

15:15 - 2 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، پیرۆزبایی لە ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستانی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە ڕاگەیندراوێکدا بە بۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، داکۆکی لە مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستان کرد.

دەقی ئەو بەیانییە بەم چەشنەیە:

ڕۆژی ٢ی ڕێبەندانی، بەرانبەر بە ٢٢ی ژانویە، ڕۆژی دامەزراندنی یەکەمین دامەزراوەی مەدەنی ـ دەوڵەتی کورد لە \"ڕۆژهەڵاتی کوردستان\" و ڕۆژی دامەزراندنی کۆماری خودموختاری کوردستان لە ئێرندا، ٧٢ ساڵی بە سەردا تێپەڕ بوو.

لە ٢٢ی ژانویەی ساڵی ١٩٤٦ی زایینی قازی محەممەد لە باڵای ڕێبەرێکی نەتەوەیی، هاوئاهەنگ و هاوڕێ لەگەڵ خواستی بزووتنەوەی ئازادیخوازنە و خودموختاریخوازانەی خەڵکی کورد، خودموختاریی کوردستانی ڕاگەیاند.

قازی محەممەد وەک یەکەمین سەرکۆماری کورد، دەوڵەتێکی لە سەر بنەمای مافه نێودەوڵەتییەکان دامەزراند. دەوڵەتێک کە لە سەردەمی خۆیدا بەپێی لەبەرچاوگرتنی ئەسڵەکانی دێموکراتیک و کۆماری و مەدەنییەت جێگای شازنازی و پێداهەڵگووتنە.

ئەو دەوڵەتە ناوچە کوردنشینەکانی پارێزگای ورمێ و بەشی باکووری سنەی لە خۆ دەگرت، کە داکۆکی لە مافی خەڵک دەکرد و ئەمنییەتی خەڵکی دەپاراست.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وەک یەکەمین ناوەندی مەدەنی ـ مافی مرۆڤی داکۆکی لە دیاریکردنی مافی چارەنووس لە کوردستان، هاوئاهەنگ و هاودەنگ لەگەڵ خەڵکی کورد، ساڵڕۆژی دامەزرانی دەوڵەتی کوردی و بە واتایەکی دیکە کۆماری خودموختاری کوردستان لە ئێراندا پیرۆزبایی دەکات و ئەو ڕووداوە مێژوویییە بە خەڵکی کوردی هەر چوار بەشی کوردستان، بەتایبەت خەڵکی ڕۆژهەڵات پیرۆزبایی دەڵێت.

بە هیوای ئازادی و گەیشتنی خەڵکی کورد بە مافی چارەنووس و ئازادی.

٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی
٢٢ی ژانویەی ٢٠١٨ی زایینی
ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان