RMMK: دەوڵەتی ئێران دەبێت بەرپرسایەتی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و زیندانییان لە ئەستۆ بگرێت

14:46 - 27 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان داوای وڵامدانەوەی گیان لە دەستدانی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو، لە بەرپرسانی دەوڵەتی، ئەمنیەتی و قەزایی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئیددعای بەرپرسان سەبارەت بە گیان لە دەستدانی گوماناوی دەسبەسەرکراوان، دەبێ لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

دەقی ئەو بەیاننامەیە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەی خوارەوەیە:

هەر بەو شێوەیە کە میدیا نێوخۆیی و دەرەکییەکاندا ڕووماڵیان کردووە، هەوڵە ئەمنیەتی و پۆلیسییەکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کونتڕۆڵ کردنی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانە خەڵکییەکان، یان بەواتایەکی تر سەرکوتی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان لە سەرانسەری ئێران، هەتا ئێستا بووەتە هۆی گیان لەدەسدانی دەیان هاووڵاتیی و دەسبەسەر و زیندانی کردنی هەزاران هاووڵاتیی دیکە.

ئەحمەد حەیدەری، نێعمەتوڵا ساڵحی، حسەین شەفیع زادە، عەباس کەریمی، بێهزاد شاسواری، عەلیڕەزا کۆمار، ئێحسان خەیری، ئارش خدری، سیروان پەسەندی، ئارمین سادقی، عەلی مۆئمێنی، نێعمەتوڵا شەفیعی، محەممەد ئیبراهیمی، شەهریار غوڵامڕەزا حەداوەند، حسەین ڕەشتوو، شەهاب حسەینی ، حەمزە لەشنی‌زەن، محەممەد چوباک، ئەمین ڕەمەزانی، مەسعوود دەکیانی، قەلعە سەردی و موحسێن عادڵی، لەو کەسانە بوون کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان بە هۆی هەڵسووکەوتی ئەمنیەتی و دەوڵەتی لەگەڵ ئەو کەسانەدا، گیانیان لە دەستداوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا، میدیا و ڕاگەیەندنەکان باس لە گیان لە دەسدانی چەند هاووڵاتییەکی زیندانی بە تایبەتی سینا قەنبەری، وەحید حەیدەری، عەلی پۆڵایی، سارۆ قارەمانی، کیانووش زەندی و ئارام مۆعازی لە گرتووخانەکانی تاران، ئەراک، چالووس، ئەهواز و سنە دەکەن.

ئەگەرچی بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی ئیددعای ئەوە دەکەن کە ژمارەیەک لەو زیندانییانە وەک سینا قەنبەری و وەحید حەیدەری خۆیان کوشتووە و سارۆ قارەمانی لە ڕەوتی شەڕ و تێکەڵچوونی چەکدارانەدا، کوژراوە، بەڵام سەرچاوە سەربەخۆکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئەو ئیددعایەی بەرپرسانی حکوومەتی ڕەت دەکەنەوە. لە هەمان حاڵدا دەوترێ، زیندانیی دیکە بە تایبەتی کیانووش زەندی و ئارام مۆعازی بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەوە لە گرتنگەکانی سنە گیانیان لە دەستداوە.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، سەرەتا خەم و پەژارەی خۆی بۆ لە گیان لە دەسدانی دەیان هاووڵاتی و ناڕازیی مەدەنی دەردەبڕێ و خۆی بە شەریکی خەمی کەسوکار و خەڵکی ئێران دەزانێت. ئەم ڕێکخراوەیە بەپێی بڕیارنامەی ٤٣/١٧٣ی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسندکراوی ٩ی دێسامبری ١٩٨٨ لە پێوەندی لەگەڵ پاراستنی مافی دەسبەسەرکراون، \"حکوومەت و دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرسی گیانی سەرجەم دەسبەسەرکراو و زیندانییەکان دەزانێت\".

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان خوازیاری وڵامدانەوەی ڕاستگۆیانەی بەرپرسانی دەوڵەتی، ئەمنییەتی و قەزایی لەبارەی گیان لە دەسدانی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو و زیندانیان و لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ بۆ دەرکەوتنی ڕاستی و دروستیی ئیددعاکانی بەرپرسان، بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ گیان لە دەسدانە گوماناوییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوویه.

ئەو ڕێکخراوەیە داوا لە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات بەرپرسیارەتی تەواوی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ پاراستن و داکۆکی لە گیان و سڵامەتی دەسبەسەرکراوان و لێکەوتەکانی دەسبەسەرکراوان و خۆپاراستن لە توندوتیژی قەبووڵ بکات.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان
ڕێکەوتی ٢٦ی بەفرانبار ١٣٩٦ی هەتاوی / ١٦ی ژانویەی ٢٠١٨ی زایینی