RMMK: دەوڵەتی ئێران داواکاریی مرۆڤانەی زیندانیانی مانگرتوو دابین بکات

20:29 - 12 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: شوڕای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکی لە ماڤی مرۆڤی کوردستان لە بەیانییەیەکدا وێڕای ئاماژه بە دۆخی نالەبار و جێگای نیگەرانیی زیندانیانی مانگرتوو لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، بەرپرسانی دەزگایی قەزایی و ڕێکخراوی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بەرپرسی پاراستنی گیان و دۆخی سڵامەتی زیندانیان دەزانێت.

شوڕای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکی لە ماڤی مرۆڤی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ئەو بەیانییە داوا لە بەرپرسانی پێوەندیدار دەکات وێڕای دابین کردنی چارەسەریی پزیشکی بۆ زیندانیانی مانگرتوو، بۆ پێشگرتن بە مانگرتنەکان داوای ڕەوای مرۆڤانەی مانگرتووەکان بە زووترین کات جێبەجێ بکات.

دەقی بەیانییەکە بەم چەشنەیە:

دوای ئەوەیکە کۆمەڵێک لە زیندانیانی سیاسیی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بۆ بەندی زۆر ئەمنییەتی ڕاگواستران، ژمارەیەک لەو زیندانیانە مانیان گرت.

بەپێی ڕاپۆرتەکان: \"محەممەد نەزەری، لوقمان مورادی، زانیار مورادی، هووشەنگ ڕەزایی، ڕەزا شەهابی، مەجید ئەسەدی، جەعفەر ئیقدامی، سەعید شێرزاد، ئیبراهیم فیروزی، ئەبولقاسم فوولادوەند، ڕەزا ئەکبەریی مونفەرد، ئەمیر خیزی، محەممەد بەنا زادە، سەعید ماسووری، پەیام شەکیبا، حەسەن سادقی، حەمید بابایی، خالید حەردانی، محەممەد عەلی مەنسووری، حەمزە سواری، ئەمیر قازیانی و شاهین زەوقی ماوەی یەک مانگە دەستیان داوەتە مانگرتن.

شوڕای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکی لە ماڤی مرۆڤی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە درێژەی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج و ئەوینی تاران دربڕیوە و بەرپرسانی دەزگای قەزایی و ڕێکخراوی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی بە بەرپرس دەزانێت.

شوڕای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکی لە ماڤی مرۆڤی کوردستان وێڕای چارەسەریی پزیشکی بۆ زیندانیانی مانگرتوو، داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکات خواست و ویستی ئەو زیندانیانە جێبەجێ بکات.

شەممە ١١ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی
٢ی سیپتامبری ٢٠١٧ی زایینی

شوڕای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکی لە ماڤی مرۆڤی کوردستان