RMMK: دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەبێ داواکارییەکانی خەڵکی بانە جێبەجێ و دابین بکات

15:58 - 18 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، پێڕانەگەیشتن بە داخوازییەکانی خەڵکی شاری بانە، لە لایەن بەرپرسانی حکوومەتییەوە بە \"پاساو هەڵنەگر و ناپەسەند\" ناوزەد دەکات.

ئەو ڕێکخراوەیە داوا لە حکوومەتی ئێران دەکات، بە دابینکردنی داخوازییەکانی کۆڵبەران، دووکانداران و بازاڕیان و خەڵکی شاری بانە و بەپێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەی مافی ئابووریی و کۆمەڵایەتی جاڕنامەی مافی نێونەتەوەییی مافی مرۆڤ، دەبێت دەسبەجێ داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.

دەقی بەیاننامەی ئەو ڕێکخراوەیە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە.

دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی داواکارییەکانی خەڵکی شاری بانە جێبەجێ و دابین بکات.

پاش داخرانی ڕێگای بازرگانیی سنوور لە لایەن دەوڵەت و داخرانی بازاڕچە سنوورییەکان، کۆڵبەران، دووکاندارن و بازاڕیانی شارەکانی بانە، مەریوان، پیرانشار، جوانڕۆ و شارەکانی دیکەی کوردستان لە سێ حەوتووی ڕابردوودا بە داخرانی بازاڕ و شوێنی کەسب و کاریان دەستیان داوەتە مانگرتن. مانگرتووان بەتایبەتی بازاڕیانی و خەڵکی شاری بانە لە ماوەی ٢٣ ڕۆژی ڕابردوودا درێژەیان بەو مانگرتنە داوە، داوای کرانەوەی ڕێگا سنوورییەکان و ئەو بەربەرستانەی کە دەوڵەت لەم دواییانەدا دروست کردووە، دەکەن. کە بە داخستنی بازاڕچە سنوورییەکان و داخرانی ڕێگاکانی بازرگانی زیانێکی ماددی و ئابووریی زۆری بە بازرگانان و بازاڕیان داوە و دەیان هەزار کەس بەتایبەتی کۆڵبەران، بێکار بوون.

ڕێکخراوی دادکۆکیکار لە مافی مرۆڤی کوردستان، نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت لە درێژەدان بە مانگرتنی دووکانداران و بازاڕیان و هاووڵاتییانی شاری بانە و هەست بە بەرپرسایەتی نەکردنی بەرپرسانی دەوڵەتی، لە هەمبەر مانگرتن و ناڕەزایەتی مەدەنیی خەڵکی شاری بانە و پێڕانەگەیشتن بە داواکارییەکانیان بە پاساوهەڵنەگر وناپەسەند دەزانێ. ئەو ڕێکخراوەیە وێڕای بانگەواز داوا لە ناوەندەکان و کۆمەڵگای مەدەنیی و مافی مرۆیی دەکات، پشتیوانی خۆیان بۆ داواکاریی مانگرتووان دەرببڕن و هەروەها داوا لە کۆماری ئیسلامی دەکات، جێبەجێ کردن و دابینکردنی داواکاریی کۆڵبەران، دووکانداران و بازاڕیان و خەڵکی شاری بانە، بەپێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتننامەی مافی ئابووریی و کۆمەڵایەتی جاڕنامەی مافی نێونەتەوەیی مرۆڤ، دەسبەجێ داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان
١٧ی بانامەڕی ١٣٩٧ی مەی ٢٠١٨