RMMK: داواکارییەکانی زیندانییانی مانگرتوو بە زووترین کات جێبەجێ بکرێت

17:04 - 28 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، نیگەرانی خۆی بۆ درێژەدانی مانگرتن لە لایەن زیندانییانی گرتووخانەی ڕەجایی‌شاری کەرەج دەربڕی.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە بەرپرسانی ئەمنییەتی و قەزایی داوای کرد کە بە زووترین کات بە داوا یاسایی و مرۆییەکانی زیندانییانی مانگرتووی زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج ڕابگەن و بیانخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

دەقی ئەو ڕاگەیندراوە بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە بەم چەشنەیە:

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە بەردەستمان دایە، مانگرتنی بەشێک لە زیندانییانی سیاسی لە خواردن لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج لەوانە دوو زیندانی کورد بە ناوەکانی \"محەممەد نەزری و سەعید شێرزاد\" کە ٥٠ ڕۆژ بە سەر مانگرتنەکانیان تێدەپەڕێت و هێشتاش بەردەوامە و لە هەمان کاتدا \"سوهەیل عەرەبی\" زیندانیی گرتووخانەی ئەوین و \"ڕەزا شەهابی\" و هەندێکی‌تر لە زیندانییانی ڕەجایی‌شاری کەرەج زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ بەسەر مانگرتنیان لە خواردن تێدەپەڕێت. مانگرتووان بە ناڕەزایەتی دەربڕین بە پێڕانەگەیشتنیان بە داوا یاسایی و مرۆییەکانیان دەستیان داوەتە مانگرتن لە خواردن. بەپێی زانیارییەکان لەگەڵ خراپی باری تەندروستی زیندانییانی مانگرتوو لە خەتەر دابوونی گیانی مانگرتووان، ناوەندە بەرپرس و پەیوەندیدارەکان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ جێبەجێ کردنی خواستەکانیان و کۆتایی هێنان بەم مانگرتنانە هەڵ نەگرتووە.

ڕێكخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، نیگەرانی خۆی لە بەردەوام بوونی ئەم مانگرتنانە دەر بڕیوە. درێژەی ئەم مانگرتنانە بە مەترسییەکی جیدی بۆ سەر گیانی ئەم مانگرتووانە لەوانە \"محەممەد نەزری\" ، \"سەعید شێرزاد\"، \"سوهەیل عەرەبی\"، \"رەزا شەهابی\" و مانگرتووانی دیکە دەزانێت. لەگەڵ داواکردن لە زیندانییانی مانگرتوو بۆ کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکانیان ئەم ڕێکخراوە داوا لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان دەکات بە زووترین کات بە داواکانی زیندانییانی سیاسی ڕابگات و خزمەتگوزاری پزیشکیان بۆ دابین بکات.

دووشەممە: ٢٧ی خەرمانانی ١٣٩٦/ ١٨ی سێپتامبری ٢٠١٧
رێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان