RMMK: تێرۆری چالاکانی کورد \"ڕۆژهەڵات\" بە توندی مەحکووم کرد

21:16 - 17 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک تێرۆری چالاکانی کورد لە کوردستانی باشوور، بە \"هەوڵێکی بەرنامە بۆ داڕیژراو و جەنایەت ئامێز\" ناو برد.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، ڕێوشوێنی ئەمنییەتی پێویست بۆ پاراستنی گیانی و ئەمنییەتی چالاکانی کوردی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان دابین بکات.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لانیکەم دوو کەس لە بەرپرسانی باڵای حیزبی دوو لقی حیزبی دێموکراتی کوردستان _ لە ئێران، لە دوو ڕووداوی جیاجیادا کرانە ئامانج تێرۆریستی، لە یەکێک لەو ڕووداوانە لە شاری هەولێر پێتەختی هەرێمی کوردستان، سەلاح ڕەحمانی لە بەرپرسانی باڵای بەشی سەربازیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هۆی تەقینەوەی بومبێکی لکێندراو لە ماشینی شەخسی ناوبراو، بە سەختی بریندار بوو و کوڕەکەی بە ناوی سەباح ڕەحمانی بە هۆی زۆری ڕێژەی برینەکانی لەو ڕووداوە گیانی لە دەست دا.

هەروەها لە ڕووداوێکی هاوچەشنی دیکە، لە یەکێک لە شارەکانی \"باشوور\" هەرێمی کوردستان، قادر قادری، لە بەرپرسانی بەشی نیزامیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کرایە ئامانجی تەقەی گوللەی تێرۆڕیستان و گیانی لە دەست دا.

ئەمە حیزبە، دوو لقی سەرەکیی بە ناوەکانی \"حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران\" و \"حیزبی دێموکراتی کوردستانـ\"ـی هەیە، ئەم حیزبە لە ئۆپوزسیۆنی چالاک لە تاراوگە و لە حیزبە سەرەکییەکانی \"ڕۆژهەڵات\"ـی کوردستانە، ئەم حیزبە بە چەندین دەیە پیشینە بۆ بەدەستهێنانی ماف و دیاری کردنی مافی چارەنووسی خەڵکی کوردستان چالاکی دەکات.

ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای بەداخبوونی خۆی لە دووبارە دەستپێکردنەوەی هەوڵە تێرۆریستییەکان و بێزاری دەربڕین لە تێرۆرەکانی ئەم دواییانە، بە دانانی بومبێکی لکێندراوە بە ماشینی شەخسی و بنەماڵەی سەباح ڕەحمانی و کرانە ئامانجی تەقەی گوللەی قادر قادری، ئەم هەوڵە بە هەوڵێکی بەرنامە بۆ دارێژرا و جەنایەت ئامێز بە ئامانجی سڕینەوە فیزیکی چالاکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد دەزانێ.