RMMK:لە بەیاننامەیەکدا داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە دەست لە کوشتنی کۆڵبەران هەڵگرن

15:36 - 7 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: شۆرای بەڕێوەبەرییڕێکخراوی دادکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، داوای ڕاگرتنی کوشتنی کۆڵبەرانیان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شۆرای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکیی لە مافی مرۆڤی کوردستان، لە پەیوەندیی لەگەڵ کوشتن و بریندار بوونی کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە نیزامیی و ئینتزامییەکان و هەنگی سنووری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە.

دەقی ئەو بەیاننامەیە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە\"

هێرش بۆ سەر کۆڵبەران و کوشتنی ئەوان و دەستبەسەر گرتنی بەشێکی کەمی شتومەکی ئەو توێژە زەحمەتکێشە لە کوردستان،لە سەرەتای چالاکییەکانی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان و لە ماوەی سێزدە ساڵی ڕابردوودا، بەبێ ڕاوەستان وەکوو پرسێکی چارەسەرنەکراوو پێشێلکراوی مافی مرۆڤ بەردەوامی هەبووە، لەو پەیوەندییەدا ئەگەرچی بەدواچوونە بەردەوامەکانی محەممەد سدیق کەبوودوەند\"باوکی مافی مرۆڤی کوردستان\" و هەوڵەکانی ئەو ڕێکخراوە بۆ باس کردنی دۆخی نالەباری کۆڵبەران و ئاگادار کردنەوەی ویژدانە نووستووەکان لە بارودۆخی نالەبار و کێشەکان و بێ مافی ئەو توێژە زەحمەتکێشە گیان لەسەر دەستە، بە میدیایی کردنی ئەو پرسە یارمەتی داوە، بەڵام هیچ یەک لەو هەوڵانە هەتا ئێستا نەیاتوانیووە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕەنج وکێشەکانی کۆڵبەران.

لە تەواوی ئەم ساڵانەدا سەرەڕای بەڵینەکانی دەوڵەت بۆ ڕێکخستنی و بەدواچوونی بارودۆخی کۆڵبەران، ئەم توێژە لە خەڵکی زەحمەتکێشی کورد ئەمڕۆ هەروەها بێ بەرهەم لە ئەمنییەتی گیانی و دابین کردنی بژیوی ژیانیان و هەر ڕۆژ و هەر حەوتوو ژمارەیەک لە کۆڵبەران دەکرێنە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانی سنووریی و ناوچەیی و گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.

بەپێی زانیارییەکان، تەنیا لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە ١٥ کۆڵبەر کوژراون و زیاتر لە ٣٠ کۆڵبەر بریندار یان کەمئەندام بوون کە کوشتنی لاوێکی وەک\"وەحید دەوڵەتخا جنیکانلوو\" و کەمئەندامبوونی لاوێکی وەک \"عەزیز ئەمین‌پوور\" لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بە تایبەت حاڵەتە نوێیەکانی ئەم تراژدیە بێ کۆتاییەیە.

شۆرای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان، وێڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆیان لە تراژیدی کوشتنی کۆڵبەران، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێڕەوتی کوشتن و بریندار کردنی ئەو توێژە ڕەنجدەرە دەکەن و بە پێداگری لە بەرپرسایەتی دەوڵەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە هەمبەر ئەو پرسە، داوا لە دەوڵەت دەکات بە شێوەی جیددی و بە زووترین کات ڕەوتی هەڵسووکەوتی نیزامی و کوشتن و قوربانی بوونی کۆڵبەرە خەساردیتووەکانی کوردستان کۆتایی پێ بێنن. ئەم ڕێکخراوەیە هەروەها داوا لە دەوڵەتی ئێران دەکات، بەبێ هێچ چەشنە هەڵاواردنێک بۆ کۆتایی هێنانی هەژاری و لابردنی کێشە بێکاری لە ناوچەکانی کوردستان و دابین کردنی کار و پێشە وئەمنیەتی گیانی و شوغلی هاووڵاتییان بە تایبەتی هاووڵاتییانی کۆمەڵگای کوردی\"ڕۆژهەڵات\" دەست بە کار ببێت.

٧ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی/ ٢٠ی ئاگوستی ٢٠١٧

شۆرای بەڕێوەبەریی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان