\"MS\"ـییەکانی کوردستان پشتگوێ خران

15:54 - 7 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: هیچیەک لە بەرپرسە حکوومەتییەکان لە سنە بەشدارییان لە کردنەوەی بینای ئەنجومەنی نەخۆشییەکانی \"ئێم ئێس\"دا نکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی ئەنجومەنی نەخۆشییەکانی MS لە بینای نوێی ئەو NGOـیە لە شاری سنە، بە بێ بەشداریی تەنانەت یەک لێپرسراوی حکوومەتی بەڕێوە چوو.

لە ڕێوەڕەسمی ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، شەشی بانەمەڕ، تەنانەت بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پارێزگاری کوردستان کە لێپرسراوی پاڵپشتی لە تووشبووان بەو نەخۆشیەیە، بەشدار نەبوو.

ئەو ئەنجومەنە لەپاش ١٢ ساڵ کڕێچیەتی، دوێنی بە چوونەناو بینایەکی نیوەچڵ.

هەواڵدەرییەکانی ئێران ئەو کردەوەی بەرپرسانی حکوومەتیان بە هێمای \"زۆڵملێکراویی ئەندامانی ئەنجومەنی \"ئێم ئێس\"ـی پارێزگای کوردستان لێکدایەوە.

نەخۆشینی MS (Multiple sclerosis) زۆرتر کاریگەری لەسەر مێشک و مۆخی بڕبڕەی پشتدادەنێت و دەبێتە هۆی لەدەستدانی هاوسەنگیی جەستە، بینایی و لەمس بوونی کەسی نەخۆش.

بە وتەی یەکێک لەو نەخۆشانە؛ لێژنەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی \"ئێم ئێس\"ـی پارێزگای کوردستان، تاقە نەخۆشێکی ئێم ئێسیی تێدا نییە، تاکوو بە تەگەیشتنێکی درووست لەو نەخۆشینە بە تووشبووان ڕابگات.

لەئێستادا زیاتر لە ٤٥٠ نەخۆش ئەندامی ئەنجومەنی ئێم ئێسی پارێزگای کوردستانن کە ٣٠٠ کەسیان ژنن.

هەرلەم پێوەندییەدا، باس لە تێچووی یەک میلیارد تمەنیی ئەو بینایە کراوە کە پارێزگای کوردستان تەنیا ٥٠ میلیۆن تمەنی دابین کردووە و ماباقیش لە لایەن خێرخوازانی ئەو بوارەوە دابین کراوە.

هەبوونی کەسێکی فیزیۆتراب، دەروونناس، ددان‏پزیشک و پێڕاگەیشتن بەو نەخۆشانەی کە لە ماڵەوەن، گرینگترین داواکاریی تووشبووان بە ئێم ئێس لە کوردستانە.

بەراوردی سەرەتایی لە ئێراندا نیشان دەدات کە نەخۆشێکی تووشبوو بە MS، بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی، مانگانە زیاتر لە ١ میلیۆن تمەن بۆ دەوا و دەرمان خەرج دەکات.