KMMK-G لە نامەیەکدا بۆ جاوید ڕەحمان پێداگری لە سەر بێ‌تاوانی هیدایەت عەبدوڵلاپوور کرد

14:46 - 15 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف لە نامەیەکدا بۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، بارودۆخی تایبەتی هیدایەت عەبدوڵلاپوور، زیندانی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام بۆ ناوبراو ڕوون کردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف، لە پەیوەندیی لەگەڵ بارودۆخی هیدایەت عەبوڵلاپوور، زیندانی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، نامەیەکی بۆ جاوید ڕەحمان ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران ڕەوانە کرد.

ئەو ناوەندە مافی مرۆییە لەو نامەیەکدا ئاماژەی بە هۆکاری دەسبەسەر کردن و تۆمەتی‌وەپاڵدراوی ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە مەحکووم بە ئێعدام کراوە، کردووە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف، لە زاری براکەی هیدایەت عەبوڵلاپوور و پارێزەری دۆسیەکەی ناوبراو ڕایگەیاندووە کە \"تۆمەتەوەپاڵدراوی ئەم زیندانییە سیاسیە کوردە درۆ و بێ‌بنەمایە و هیچ بەڵگەیەک کە باس لە پەیوەندیی ناوبراو لەگەڵ حدکا بکات، لەبەردەستدا نییە\".

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف، لەو نامەیەدا، پێداگری لە سەر ئەوە کردووتەوە کە: \"هیدایەت عەبدوڵلاپوور بێ‌تاوانە و ٧٨ ڕۆژ لە گرتنەگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ بۆ دانپێنانی زۆرەملی ئازار و ئەشکەنجە دراوە\".

فەرهاد عەبدوڵلاپوور، برای ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە لە وتووێژێکدا لەگەڵ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف وتوویەتی \"براکەی بە هۆی ئازار و ئەشکەنجەی مەئموورانی ئیتلاعات لە گرتووخانەی، گوێ چەپی توانی بیستنی نەماوە\".

ڕۆژی دووشەممە ١٦ ڕەزبەر، دیوانی باڵای وڵات حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵلاپوور زیندانی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری شنۆی، پشتڕاست کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، \"هیدایەت عەبدوڵاپوور\" کوڕی ئەبووبەکر زیندانی سیاسی کورد بۆ دووهەمین جار لە دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی کرا؛ دادگا ناوبراوی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرد.

پیشتر یەکێک لە نیزیکانی عەبدوڵاپوور ڕایگەیاندبوو: پاش ئەوەی کە حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵاپوور لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و نێردرایەوە بۆ دادگای ورمێ، هیدایەت عەبدوڵاپوور لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دادگایی کرا و بۆ دووهەمین جار لە سەر داوای حیفازەت ئیتلاعات، حوکمی ئیعدام بە سەر ئەو زیندانییە سیاسیە کوردەدا سەپا.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە لە یەکەم کۆبوونەوەی دادگایی کردنیدا بە سەرۆکایەتی دادوەر \"شێخلوو\" و لەکاتی دووبارە دادگایی کردنیدا بە سەرۆکایەتی دوو دادوەر بە ناوەکانی \"سەعید ئەحمەدی و دادوەر قازیزادە\" بە ئێعدام مەحکووم کرا.