KMMK – G خوازیاری ئازادیی بێمەرجی \"زارا محەمەدی\" بوو

16:42 - 23 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێف، لە نامەیەکدا بۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا، خوازیاری ئازادیی دەسبەجێ و بێمەرجی \"زارا محەمەدی\" بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێف، لە نامەیەکدا بۆ \"ڕەحمان جاوید\"، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێراندا، دەسبەسەرکردنی \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"ی بە پێشێلکاریی ڕێککەوتننامەی نێونەتەوەییەکان سەبارەت بە مافی نەتەوەکان و \"زمانی دایکی\" ناوزەد کرد.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێف، لە نامەیەدا ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، هەروەها بۆ بارهێنانی زمانی دایکی لە کوردستاندا بەربەرستگەلێکیان ساز کردووە.

ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە، وێڕای مەحکوومکردنی دەسبەسەرکردنی \"زارا محەمەدی\"، خوازیاری ئازادیی دەسبەجێ و بێمەرجی ناوبراو بوو.

هەروەها، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێف، داوای لە ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران کردووە کە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ڕوو لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران، خوازیاری ئازادیی دەسبەجێ و بێمەرجی \"زارا محەمەدی\" بێت.

سەرەڕای ٢١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، هەتا ئێستا ناوەندە ئیتلاعاتی و قەزاییەکان، هۆکارێکی ڕوونیان بۆ دەسبەسەرکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە، ڕانەگەیاندووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی جۆزەردان، \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی دەسبەسەرکراوی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، پاش ٧ ڕۆژ دەسبەسەرکردن، پەیوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە گرت.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی \"نۆژین\"، لە بەرانبەر دادگوستەریی سنەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، دوو چالاکی مەدەنیی کورد بە ناوەکانی \"ئیدریس مینبەری و ڕێبوار مینبەری\"، خەڵکی سنە و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیی نۆژین، ئازاد کران و \"زارا محەمەدی\"، ئەندامی تری دەسبەسەرکراوی ئەم ئەنجومەنە، هێشتا لە گرتنگەدایە.