KMMK-G: حکوومەتی ئێران بخرێتە ریزی \"رێژیمە راسیستەکان\"ـەوە

13:51 - 3 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ، داوای لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بخرێتە ریزی حکوومەتە رەگەز پەرەستەکانی جیهان.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١ی رەزبەر کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ، وتارێکی لەمەڕ زیادکردنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ریزی حکوومەتە راسیستە(رەگەز پەرست)ـەکانی جیهان، لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤی پایتەختی وڵاتی سویس وتارێکی لەسەر پرسی هەڵاواردن و راسیسم لە حکوومەتی ئیسلامیدا، پێشکەش بە شۆرای مافی مرۆڤ کرد.

\"22291.jpg\"
تەیموور ئەلیاسی نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو وتارەی لەسەر پرسی نەتەوەکانی کورد، بەلووچ، عەرەب، ئازەری و تورکمان لە وڵاتی ئێراندا پێشکەش کردووە، کە لە وڵاتی ئێراندا و لەلایەن دەسەڵاتەوە خراونەتەوە پەراوێزەوە.

نوینەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ، لە وتارەکەیدا باسی لە بەڕێوەچوونی ٨١٤ حاڵەت لەسێدارەدانی هاووڵاتییان لە وڵاتی ئێراندا کردووە، کە لە ماوەی یەک ساڵ دەوڵەتداریی حەسەن رۆحانیدا لەسێدارە دراون.

\"22292.jpg\"
تەیموور ئەلیاسی نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران- ژنێڤ
ئەلیاسی، سیاسەتەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێرانی لە پەیوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران وەک سیاسەتی ژینۆساید وەسف کردووە و داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، لەبەر ئەوەی سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران یاسا نیونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنەکانی ژنێڤ پێشێل دەکات، ئەو وڵاتە بخرێتە ریزی وڵاتە رەگەزپەرستەکانی جیهانەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە هۆڵی دانیشتنی شۆرای مافی مرۆی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند؛ نوێنەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو وتارەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران – ژنێڤ، کۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەجێهێشت.
\"22287.jpg\"

\"22289.jpg\"

\"22288.jpg\"