KMMK-G بە نیسبەت دەستبەسەر کردنە خۆسەرانەکان لە کوردستان نیگەرانی دەربڕی

21:27 - 8 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف داوا لە حکوومەتی ئێران دەکات پابەند بە کۆنوانسیونی ژنێف و پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ بێت.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف بەیاننامەیەکی سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بڵاو کردەوە.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژنێف دەستبەسەر و گوشارهێنان بۆ سەر بنەماڵەی حوسێن پەناهی به سەرکوتی ئەو بنەماڵەی بە\"نایاسایی\"دەزانێ.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆڤییە لەو بەیاننامەیەدا ئاماژەی بە بارودۆخی نالەباری\"ڕامین حوسێن پەناهی\" کردەوە و داوا لە حکوومەتی ئێران دەکات بەپێی ماددەی\"سی\" ڕێکەوتنی کۆنوانسیونی ژنێف لە پەیوەندیی لەگەڵ سزای نایاسایی تۆمەت لێدراوەکان پابەند بێت.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی ئێران_ژنێف لەو بەیاننامەیەدا نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە دەستبەسەر کردنە خۆسەرانەکانی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەربڕی.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، داوا لە عاسیمە جەهانگیر ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران دەکات کە دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی ئەرکی چارەسەریی پزیشکی ڕامین حوسێن پەناهی لە دەروەی گرتووخانە لە ئەستۆ بگرێت.

ڕامین حوسێن پەناهی ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ لە شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان هێزەکانی سپای پاسدران لە شاری سنە بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و پێش تەواو کردنی کاروباری دەرمانی لە نەخۆشخانەی شاری سنە بۆ گرتووخانەی سپا گواسترایەوە.

بە وتەی ئەمجەد حوسێن پەناهی، ڕامین حوسێن پەناهی لەو شەڕ دا کە لە ڕۆژی ٢ی پووشپەڕ دەستی پێکرد سی گلولەی وەبەر نێوقەد، پشت و لاقی کەوتووە و پاش گواستنەوەی لە نەخۆشخانە بۆ گرتووخانە بە هۆی گوشار و ئازار و ئەشکنجەوە تووشی خوێنڕیژی بووە و چووتە بێهۆشی درێژخایەن و ماوەی چەند ڕۆژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی پاڕێزگای سنە خەوێندراوە.

پاش ئەو شەر تێکەڵچوونی ڕۆژی ٢ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵی شەخسی حوسێن پەناهی و چەند کەسێکیان لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە دەستبەسەر کرد.

دەوتری، هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەندامانی بنەماڵەی حوسێن پەناهی، ئازار و ئەشکنجەی دەستبەسەرسەرکراوەکانیان داوە.